به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆماری عێراق له به‌یاننامه‌یێکدا ئاماژه‌ی به‌وه کرد که ئێواره‌ی دووشه‌ممه 28ی کانوونی دووهه‌می 2019 د. به‌رهه‌م ساڵح له كۆشكی سه‌لام له به‌غدا پێشوازی کرد له وه‌فدێکی ویلایه‌ته یه‌کگرتوووه‌کانی ئه‌مریكا که پێکهاتبوو له دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌و وڵاته له به‌غدا، جێمس جێفری نێردراوی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی تیرۆر و ئه‌ندرۆ پێک یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه و باسیان له په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ر دوو وڵات کرد.
له کۆبوونه‌وه‌که‌دا باس له په‌ره‌پێدان و پێشخستنی په‌یوه‌ندیی هه‌ر دوو وڵات كرا به جۆرێک كه خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی عێراق و ئه‌مریکا بکات، جگه له گفتوگۆکردن له‌سه‌ر دوا پێشهات و گۆڕانکارییه‌کانی ناوچه‌كه و جیهان.
هاوكات به‌رهه‌م ساڵح دووپاتی پێویستی دیالۆگی وه‌ک بنه‌مایێک بۆ چاره‌سه‌ری ناكۆكی و گرفته هه‌ڵپه‌سێراوه‌كان كرده‌وه به جۆرێک كه ببێته مایه‌ی سه‌قامگیری و به‌رجه‌سته‌كردنی ئاشتی بۆ گه‌لانی ناوچه‌كه.
کاتژمێرێکی دواتر نووسینگه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له به‌یاننامه‌یێکدا ڕایگه‌یاند که به بۆنه‌ی ته‌واوبوونی کاره‌کانی له به‌غدا پێشوازی له دۆگڵاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مریکا کردوووه و له‌و دیداره‌دا جگه له جێفری و پێک، محه‌مه‌د عه‌لی حه‌کیم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش ئاماده بوو.
له به‌یاننامه‌که‌دا ئاماژه به‌وه کراوه که عه‌بدولمه‌هدی وێڕای جه‌ختکردنه سه‌ر گرنگیی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان عێراق و ئه‌مریکا، ده‌ستخۆشی له هه‌وڵه‌کانی سیلیمان کردووه له ماوه‌ی کارکردنی له به‌غدا و یارمه‌تییه‌کانی بۆ پته‌وکردنی هاوکارییه‌کانی نێوان دوو وڵات.
باڵیۆزی ئه‌مریکاش وێڕای ستایشی هه‌وڵه‌کانی ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ به‌هێزکردنی ئاسایش و سه‌قامگیری و گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌و وڵاته له بواره جۆراوجۆره‌کان، جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگایه‌تیی ڕۆڵی گرینگ و کارای به‌غدا له ناوچه‌که کرده‌وه.
سه‌رچاوه: به‌غدا ئه‌لیه‌وم
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment