بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە لە دێرەلووک دوو کەس گیانیان لەدەست دا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە گوندی چەمکێ توویێ لە نزیک گەلی رەشاڤەی سەر بە شارۆچکەی دێرەلووک لە سنووری قەزای ئامێدی، دوو کەسی سڤیل بە بۆردوومان گیانیان لەدەست دا. هەرچەندە گومان دەکرێت فڕۆکەکانی تورکیا بۆردوومانەکەیان کردبێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە.

کوردپرێس:

سەردار هێتوتی، یەکێک لە کەسوکاری ئەو دوو پیاوەی بەهۆی بۆردوومانەکە گیانیان لەدەست داوە بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند: "چوار رۆژ پێش ئێستا دوو پیاوی گوندەکەمان بە ناوەکانی بەختیار حەسەن و زیاد حەجی هێتوتی چووبوونە گوندەکەیان، بەڵام لە دوێنێوە بێ هەواڵ بوون و هیچ سۆراخێکیان نەبووە، ئەمڕۆش کەسوکاری ئەوان بۆ سۆراخکردنیان چوونەتە شوێنەکەیان، بەڵام فڕۆکە بۆردوومانی ئەو شوێنەیان کردووە و بەهۆیەوە گیان لەدەستداوە".

بەگوتەی سەردار، ئەو دوو کەسەی بەهۆی بۆردوومانەکە گیانیان لەدەستداوە خزمی یەکدین و تەمەنیان لەنێوان 30 بۆ 45 ساڵیدایە و هەردووکیشیان خێزاندارن.

سامی ئوشانە، بەڕێوەبەری شارۆچکەی دێرەلووک هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاست کردەوە و دەڵێت، ئێستا تەرمەکانیان بەرەو دێرەلووک دێنن و دوو کاژێری دیکە دەگەنە شارۆچکەکە و لە کۆمەڵگەی هێتوت بەخاک دەسپێردرێن.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو فڕۆکەکانى تورکیا گوندى زلیی و چەند ناوچەیێکى دیکەی دەڤەرى نهێلێ سەر بە شارۆچکەی دێرەلووکیان لە قەزای ئامێدى بۆردوومانکرد .

زیاتر لە 20 ساڵە تورکیا بە بەهانەى هەبوونى بارەگاکانى پەکەکە ناوچەکانى هەرێمی کوردستان و سنوورى پارێزگاى دهۆک بۆردوومان و تۆپباران دەکات. بەهۆى بۆردوومان نزیکەى 360 گوندى پارێزگای دهۆک چۆڵکراون، جگە لە زیانى ماددى تەنیا لە ساڵى رابردوودا 10 کەس لە سنوورى قەزای ئامێدی گیانیان لەدەست داوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 51369

Your Comment

You are replying to: .
captcha