عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: هیچ بیانوویێک بۆ پاشه‌که‌وتی مووچه‌ نه‌ماوه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ دوای په‌سه‌ندکردنی پشکی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی عێراق هیچ بیانوویێک بۆ پاشه‌که‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان و ڕاگرتنی پڕۆژه‌کانی و چاکسازی نه‌ماوه‌ و داهاتی هه‌رێمی کوردستان به ‌ڕێژه‌یێکی زۆر زیاد ده‌کات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 24ی کانوونی دووهه‌می 2019 عه‌لی حه‌مه‌ساڵح سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان له‌ نووسینێکدا له‌ فه‌یسبووکی خۆی بڵاوی کرده‌وه‌: "به‌و پاره‌یه‌ی له‌ به‌غداوه‌ دێته‌ هه‌رێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ داهاتی 420 هه‌زار به‌رمیل (ئه‌گه‌ر 40 دۆلار ئه‌ژمار بکه‌ین) له‌گه‌ڵ 150 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ، کۆی داهاتی مانگانه‌ی هه‌رێم ده‌گاته‌ نزیکه‌ی یه‌ک ترلیۆن و 270 ملیار دینار."

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد که‌ ئه‌و داهاته‌ی هه‌رێمی کوردستان که‌ له ‌به‌غداوه‌ بۆی دێت و له‌گه‌ڵ داهاتی فرۆشتنی نه‌وت ده‌ستی ده‌که‌وێت نزیکه‌ی 400 ملیار دیناری له‌ پێداویستی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان زیاتره.

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح نووسیویه‌تی: "له‌ گفتوگۆی پێکهێنانی حکوومه‌ت جه‌خت له‌سه‌ر چاکسازی ڕیشه‌یی له‌ خه‌رجییه‌کاندا کراوه‌ته‌وه و ڕێککه‌وتوین له‌ هه‌موو بارێکدا (گۆڕان به‌شدار یان ئۆپۆزسیۆن) له‌ مانگی یه‌که‌مدا یاسای چاکسازی به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندکراوی تێده‌په‌ڕێت، به‌مه‌ش داهاتێکی گه‌وره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی که‌ ده‌تواندرێت کوردستانی پێ ئاوه‌دان بکرێته‌وه‌".

سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان له‌باره‌ی دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ ده‌ڵێت: "گفتوگۆ و ڕێککه‌وتن به‌و ئاڕاسته‌یه‌یه‌ ساڵی یه‌که‌م هه‌موو دامه‌زراوه‌کانی نه‌وت وه‌ک سندوقی داهات، کۆمپانیای فرۆشتنی نه‌وت، کۆمپانیای تایبه‌ت به‌ دۆزینه‌وه و به‌رهه‌مهێنان و کۆمپانیای تایبه‌ت به‌ پاڵاوتن و پاشکۆکانی دروست بکرێت و له‌ژێر چاودێریی په‌رله‌مان و دیوانی چاودێری داراییدا ده‌بن كه‌ ئه‌مه‌ دید و روئیای ئێمه‌یه‌ بۆ گرفت و چاره‌سه‌ری مووچه."

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51354

Your Comment

You are replying to: .
captcha