به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هۆشیار زێباری ئه‌ندامی شاندی دانووستانكاری پارتی له كۆنگرهیێكی ڕۆژنامه‌وانیدا وێڕای ئه‌وه‌ی جه‌ختی له به باشی به‌ڕێوه‌چوونی كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ گۆڕان و یه‌كێتی كرده‌وه گوتی: "له‌گه‌ڵ براده‌رانی گۆڕان دوو لیژنه‌ی هونه‌ریمان دروست كردبوو، یه‌كێک بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی داهاتووی حكوومه‌ت، ئه‌وه‌ی دیكه بۆ پێوه‌ره‌كانی به‌شداربوون و هه‌ردوو كۆبوونه‌وه‌كه به باشی به‌ڕێوه چوون، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ش شاندی ئێمه له سلێمانی بوون له‌گه‌ڵ براده‌رانی یه‌كێتی و ته‌ئكیدمان له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه كات له به‌رژه‌وه‌ندیی هیچ لایێكدا نییه و ده‌بێت په‌له بكه‌ین حكوومه‌ت دابمه‌زرێت چوونكه ماوه‌یێكی زۆری به سه‌ردا چوووه".
ناوبراو وتیشی: "له‌سه‌ر كێشه بنه‌ڕه‌تییه‌كان لێكتێگیشتن هه‌یه، له‌سه‌ر پێوه‌ره‌كانی به‌شداربوون و به‌رنامه‌ی حكوومه‌ت به چ شێوه‌یێک ده‌بێت، ئه‌وله‌ویاتی ئه‌و حكوومه‌ته چ بێت، له‌لایێكی دیكه به‌رده‌وام ده‌بین له دانووستاندن، چوونكه هیچ بژارده‌ی دیكه‌مان نییه جگه له‌وه‌ی پێكه‌وه ئه‌و حكوومه‌ت دروست بكه‌ین، به له‌به‌رچاوگرتنی ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن هه‌موو لایێک به ئاسووده‌یی به‌شدار بن، هیچ نییه‌تێک نییه بۆ په‌راوێزخستنی هیچ لایه‌نێک به‌ڵام ده‌بێت هه‌موو لایێک هه‌ست به‌و به‌رپرسیاریێتییه بكه‌ن، ئه‌و بۆشایییه‌ی حكومی و ده‌ستوورییه‌ی له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه له به‌رژه‌وه‌ندیی میلله‌تی خۆمان نییه".
هۆشیار زێباری له وه‌ڵامی پرسیارێكیش سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و ئه‌وه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت چهندیتر ده‌خایه‌نێت وتی: "ده‌بێت له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ڕێكبكه‌وین و په‌رله‌مان كۆ ببێته‌وه، یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌موار بكرێت و ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر بكرێت و پرۆسه‌كه‌ش ده‌ست پێبكات، كاتێكی دیاریكراو ده‌ستنیشان ناكه‌ین به‌ڵام له‌م مانگه په‌رله‌مان كۆ ببێته‌وه سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه".
شایانی باسه؛ ڕۆژی سێشه‌ممه 22-1-2019 شاندی دانووستاندنكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له پیرمام كۆ بوونه‌وه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment