کرده‌وه‌کانی PYD له‌ عه‌فرین هه‌ڵه‌یه‌/ پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی بۆ سووریا بگه‌ڕێته‌وه‌

به‌شی سووریا- سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی کوردی سووریا ده‌ڵێت: کرده‌وه‌ چه‌کداره‌کانی YPG له‌ عه‌فرین گیانله‌ده‌ستدانی خه‌ڵکی سڤیلی به‌دواوه‌ ده‌بێت و ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی بۆ سووریا بگه‌ڕێته‌وه‌، ده‌توانێت به‌ پێوه‌ندیی دیپلۆماتیک ته‌نگه‌ژه‌ی نێوان کورد و تورکیا که‌م بکاته‌وه‌.

ئیبراهیم برۆ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی کوردی سووریا (ENKS) سه‌باره‌ت به‌ کرده‌وه‌ی سه‌ربازیی هێزه‌ کوردییه‌کان له‌ ناوچه‌ی داگیرکراوی عه‌فرین به‌ ئاژانسی کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: له‌ هه‌مان سه‌ره‌تا و پێش له‌ ده‌ست پێکردنی شه‌ڕی عه‌فرین ئێمه‌ چه‌ندین جار داوامان له‌ PYD کرد که‌ له‌ PKK جیا ببێته‌وه‌ و ڕێگه‌ بدات حیزبه‌کانی دیکه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ ئاماده‌ بن بۆ ئه‌وه‌ی تورکیا بیانوویێکی بۆ هێرش‌کردنه‌ سه‌ر عه‌فرین نه‌بێت به‌ڵام ئه‌وان گوێڕایه‌ڵ نه‌بوون و تاوانباری سه‌ره‌کیی ڕووداوه‌کانی ئه‌مڕۆن.

ناوبراو گوتیشی: کرده‌وه‌کانی ئه‌مڕۆی PYD له‌ عه‌فرین قازانجێکی بۆ خه‌ڵکی عه‌فرین نابێت و زیاتر ده‌بێته‌هۆی کوژرانی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی.

ئیبراهیم برۆ ڕاشی‌گه‌یاند: بابه‌تی عه‌فرین بابه‌تێک له‌ نێوان زلهێزانی جیهانی و هه‌رێمی بوو و به‌و کارانه‌ی که‌ YPG ئه‌نجامی ده‌دات ئازادی نایێته‌دی به‌ڵکوو ده‌بێ ڕێکارێکی سیاسی بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ بدۆزرێته‌وه‌.

ناوبراو له‌ وه‌ڵامی پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ چ ڕێکارێکی سیاسی ده‌توانێت دامڕکاندنی تووڕه‌بوونی تورکیا له‌ کوردی سووریای به‌دواوه‌ بێت ڕوونی کرده‌وه‌: دروسته‌ که‌ تورکیا نایه‌وێت کوردستانی سووریا پێکبهێنرێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیانوویێکی بۆ هێرش‌کردنه‌ سه‌ر باکووری سووریا نه‌بێت چیتر له‌ کاتی داپه‌ڕی سه‌ربازیدا ناتوانێت مه‌شرووعییه‌تێک بۆ خۆی له‌ کۆمه‌ڵگا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان مسۆگه‌ر بکات.

برۆ جه‌ختی کرده‌وه‌: ده‌بێ هه‌ندێک گرووپی دیکه‌ی کورد له‌وان ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی بۆ کوردستانی سووریا بگه‌ڕێننه‌وه‌ و ئیداره‌یێکی نوێ له‌و ناوچانه‌ دروست بکرێت و پڕۆسه‌ی سیاسیی داهاتووی سووریا به‌ ئاماده‌بوونی تێکڕای لایه‌نه‌ سیاسییه‌ کوردییه‌کان پێوشوێنگری بکرێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51282

Your Comment

You are replying to: .
captcha