کوردپرێس:
وەکوو رێگرییێک بۆ کۆتاییهێنان بەو هەڕەشانەی تورکیا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە هاوبەشی ئەمریکا بوون لە شەڕی داعش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دروستکردنی ناوچەیێکی ئارامی بە قووڵیی 20 میل لە ناو سووریا، لەدوای کشانەوەی هێزەکانیان لە باکووری سووریا راگەیاند.
بەپێی زانیارییەکان ناوچە ئارامەکە بەدرێژاییی سنووری سووریا دەبێت بە درێژاییی 460 کیلۆمەتر و قووڵاییی 32 کیلۆمەتر. شار و شارۆچکەکانی 3 پارێزگای سووریا دەگرێتەوە کە ئەوانیش: حەلەب، رەققە و حەسەکەن.
ئەمریکا دەیەوێت دروستکردنی ئەو ناوچەیە ببێتە دیفاکتۆی روونەدانی گرژی و راگرتنی باڵانس لە نێوان تورکیا و هاوپەیمانەکانی دیکەی لە باکووری سووریا، بەڵام هێشتا دیار نییە، ناوچە ئارامەکە چۆن و کێ بەڕێوەی دەبات.
تورکیا لاریی نییە لە دروستکردنی ناوچەی ئارام بەدرێژاییی سنوورەکانی لەگەڵ سووریا، دەشیەوێت هێزەکانی یەپەگە بەقووڵاییی 30 کیلۆمەتر لەسەر سنوورەکانی خۆی دوور بکاتەوە، هەروەها مەبەستیەتی ئەو هێزانە رۆڵیان نەبێت لەبەڕێوەبردنی ناوچەی ئارامی باکووری سووریا.
هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە لە بارەی ناوچەی ئارام لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، لە دروستکردنی ناوچەیێکی ئارام هاوکار دەبن، پشتیوانی لە دروستکردنی ناوچەیێکی ئارام لە باکووری سووریا دەکەن، بەمەرجێک گەرەنتیی نێودەوڵەتی بۆ ناوچە ئارامەکە هەبێت.
لە بنەڕەتدا درووستکردنی ناوچە ئارامەکە داوایێکی تورکیا بووە و بەهۆی ئەوەی تورکیا درێژترین سنووری لەگەڵ سووریادا هەیە، پێشتریش سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاندبوو، بەدرێژاییی سنوورەکانیان لەگەڵ سووریا ناوچەی ئارام دروست دەکەن، ئەنقەرە دەیەوێت دەستی باڵای لە ناوچەکەدا هەبێت، بەڵام نازانرێت ئەمریکاش هەمان بۆچوونی تورکیای دەبێت لەبارەی ناوچەی ئارام، یان ئەمجارەیان پشتی هاوپەیمانەکانی دەگرێت لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا.
Your Comment