به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پاش ئه‌وه‌ی شه‌وی ڕابردوو گه‌یشته هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان، که‌مێک له‌مه‌وبه‌ر (سێشه‌ممه 15ی 1ی 2019) مه‌سعوود بارزانی پێشوازی له ژان ئیف لۆدریان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا و شاندی یاوه‌ری کرد.
له دیداره‌كه‌دا باڵيۆزى فه‌ڕه‌نسا له عێراق، كۆنسووڵى گشتيى فه‌ڕه‌نسا له هه‌ولێر و ژماره‌يێک له ديپلۆماتكارانی ئه‌و وڵاته ئاماده بوون.
له دیداره‌كه‌دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی ڕاگه‌یاند و وێڕای ئاماژه‌دان به كه‌شوهه‌وای نوێ له عێراق و ناوچه‌كه، پێزانینی بۆ قو‌ربانیدانی گه‌لی كوردستان له شه‌ڕی دژی تیرۆریستانی داعش هه‌بوو و جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه له‌پێناو به‌دیهاتنی سه‌قامگیری و ده‌رنه‌كه‌وتنه‌ی تیرۆر له عێراق پێویسته ڕێز له پێكهاته‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق و به‌تایبه‌ت ڕێز له هه‌رێمی كوردستان و پێگه و كاریگه‌رییه‌كه‌ی بگیرێت.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا ڕاشیگه‌یاند كه وڵاته‌كه‌ی پشتیوانی گه‌لی كوردستان ده‌مێنێته‌وه و هاوكاریی سیاسی و سه‌ربازی و په‌یوه‌ندییه فه‌رهه‌نگی و ئابوورییه‌كانی له‌گه‌ڵ كوردستان په‌ره پێده‌دات و خوازیاری ئه‌وه‌یشه كه له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق به‌شدار بێت.
له به‌رانبه‌ردا مه‌سعوود بارزانی به گه‌رمی به‌خێرهاتنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسای كرد و سوپاسی گه‌ل و سه‌رۆک و حكوومه‌تی فه‌ڕه‌نسا و شه‌خسی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسای كرد كه دۆست و پشتیوانی گه‌لی كوردستان بوونه و ئاماژه‌یشی به سه‌ردانی سه‌رۆک هۆلاند بۆ كوردستان كرد كه له كاتی ته‌نگانه‌دا سه‌ردانی كوردستانی كرد و ئه‌وه‌ی دووپات كرده‌وه كه فه‌ڕه‌نسا دۆستێكی مه‌زنی گه‌لی كوردستانه.
سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و فه‌ڕه‌نسا گوتیشی كه خۆشحاڵه به‌و په‌یوه‌ندییانه و هیچ سنوورێک بۆ دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندیی له نێوان گه‌لی كوردستان و گه‌لی فه‌ڕه‌نسادا نییه.
په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی ئه‌و دیداره بوو و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه كرده‌وه كه كه‌شوهه‌وایێكی نوێ و متمانه و بارودۆخێكی ئه‌رێنی له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا هاتوووه‌ته ئاراوه و مه‌سعوود بارزانی هیوای ئه‌وه‌ی خواست كه ئه‌و گرفتانه‌ی كه له نێوان هه‌ردوولا ماوه‌ن له ڕێگه‌ی دیالۆگ و لێكتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بكرێت و هه‌روه‌ها ئاماژه‌یشی به‌وه دا كه ڕاسته داعش له ڕووی سه‌ربازی تێكشكاوه به‌ڵام پێویسته ئه‌و هۆكارانه‌ی كه بوونه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی داعش نه‌مێنن بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی‌تر داعش سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه.
له‌باره‌ی چاره‌نووسی گه‌لی كورد له سووریا هه‌ردوولا نیگه‌رانییه‌كانی خۆیان نیشان دا و ئه‌وه‌یان دووپات كرده‌وه كه پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی ناو سووریا نابێ ببێته هۆی ئه‌وه‌ی گه‌لی كورد و هاووڵاتییانی كورد له سووریا باجه‌كه‌ی بده‌ن. په‌یوه‌ست به بارودۆخی گه‌لی كورد له سووریا و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان مه‌سعوود بارزانی بۆچوون و پێشنیاره‌كانی خۆی بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا خسته‌ڕوو.
سه‌رچاوه: K24
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment