کوردپرێس:
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی لەبارەی گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە، كە تیایدا هاتووە: "تاوەكوو ئێستا هیچ جۆرە گفتوگۆ و كۆبوونەوەیەكی فەرمی لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق لەبارەی گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان نەبووە و هیچ جۆرە بڕیارێكی فەرمیش لەوبارەوە نەدراوە".
جەبار یاوەر لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا دەڵێت: "تەنها وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، باشترین رێگە بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش و كۆتاییهێنان بە جموجوڵ و كاری تیرۆریستیان لە ناوچەكانی دیالە، سەڵاحەدین، كەركووك، مخموور و مووسڵ ئەوەیە كە كاری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق دژ بە تیرۆریستانی داعش هەبێت و چاوەڕوانین لەوبارەوە كۆبوونەوەی فەرمی بكرێت و رێگە و شوێن و میكانیزمی گونجاو دابنرێت".
لە روونكردنەوەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە، هەر چییێک لە دەرەوەی ئەم روونكردنەوەیە بگوترێت، دوورە لە راستییەوە.
ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر ماڵپەڕی فەرمیی پارتی لە زاری نووری حەمە عەلی بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک بڵاوی كردبووەوە، دانوستان دەستی پێكردووە تا پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ کەرکووک و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم.
Your Comment