سەعدوڵڵا مەسعوودیان کونسۆڵی ئێران لە سلێمانی لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ڕایگەیاند: محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی بەفرانبار سەردانی عێراق دەکات و لەو سەردانەدا وێڕای گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی ناوەندیی عێراق لە بەغدا، سەردانی پێنج شاری عێراق دەکات کە ئێران کونسۆڵخانەی لێیە، لەوان هەولێر و سلێمانی لە هەرێمی کوردستان.
مەسعوودیان لەبارەی بەرنامەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەفەرەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان وتی: وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی سێشەممە دەگاتە هەرێمی کوردستانی عێراق و لە هەولێر و سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سیاسی کۆ دەبێتەوە و هەروەها دیدار لەگەڵ سەرکردەی حیزبە سیاسییە سەرەکییەکان لە بەرنامەی زەریفدایە.
ناوبراو وتی بەشداری کردن لە میهرەجانی ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان لە بەرنامەکانی دیکەی زەریفە لە سەردانەکەیدا و زیادی کرد: بڕیارە میهرەجانێک لە ژێر ناوی "میهرەجانی ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان" لە هۆتێل میلینیۆم-ی شاری سلێمانی بە ئامادە بوونی سەدان کەس لە بازرگانانی شارە جیاوەزەکانی عێراق لەوان لە پارێزگاکانی ئەنبار، نەینەوا، سەلاحەدین، هەولێر، دهۆک، سلێمانی و کەرکووک بەڕێوە بچێت.
کونسۆڵی ئێران لە سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو بازرگانە چالاک و کاریگەرەکان لە پێوەندیی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لەم میهرەجانەدا کە بە ئامادە بوونی وەزیری دەرەوەی ئێران بەڕێوە دەچێت، ئامادە دەبن.
مەسعوودیان وتی بەرنامەکەی دیکەی وەزیری دەروەی ئێران سەردانی مەزاری جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشوو و سەرۆکی کۆچ کردووی یەکێتیی نیشتمانی لە سلێمانیە کە بە ئامادە بوونی بەرپرسانی سیاسیی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
کونسۆڵی ئێران لە سلێمانی دەڵێت: بەڕێوە چوونی ڕێوڕەسمی ئابووری ئێران و هەرێمی کوردستان لە سلێمانی درێژە و تەواوکەری میهرەجانی "دەرفەتە ئابوورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستانە" کە 12 و 13ی گوڵانی ئەمساڵ لە هەولێر بەڕێوە چوو.
مەسعوودیان وتیشی: زیاتر لە 75 لەسەدی دەفرایەتیی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە سلێمانیە و ئەم ڕێژەیەش گرنگایەتیی سلێمانی بۆ بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان پیشان دەدات، بۆیە جەنابی زەریف بە باشیان زانیوە ئەم جارەیان ڕێوەڕەسمەکە لە سلێمانی بەڕێوە بچێت.
ناوبراو لەبارەی دەفرایەتیی دەروازە سنوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان وتی: ژمارەیێک لە کێشەکان بە بۆنەی نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان گومرگی ئێران و هەرێمی کوردستانە لە سنووری پەرویز خان و باشماخە، کە هەنگاوە بەراییەکان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان هاوێژراوە.
مەسعوودیان لەم بارەوە زیادی کرد: ئێستا هەوڵی ئەوە دەدەین کە کۆمپانیایێک کە لە لایەن دەوڵەتی عێراقیشەوە قبووڵکراو بێت پرسی گواستنەوەی کەلوپەل بۆ عێراق لە ئەستۆ بگرێت و ئەگەر ئەمەش ڕووبدات خێرایی گواستنەوەی کاڵا 30 لەسەد زیاد دەکات و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە نێوان 5 تا 10 لەسەد نرخی شتومەک هەرزانتر ببێت.
سەعدوڵڵا مەسعوودیان کونسۆڵی ئێران لە سلێمانی لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەت پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هیچ شێوەیێک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا ناکات و لە هەر قۆناخ و جێگایێکەوە کە داخڵی عێراق بووبێتەوە لەسەر داوای فەرمی و بۆ ڕاوێژکاری و یارمەتی دان بە دەوڵەتی عێراق لە تەنگانەکاندا بووە.
پرسی پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە ئێستا هاوکاتن، بە تەواویی بابەتی سیاسی و ناوخۆیی عێراقە و ئێمە لە هەموو پرسەکاندا مکووڕین لەسەر ئەوەی کە ڕا و بۆچوونی دوو لایەنەکە پێکەوە نزیک کەینەوە و بەختەوارانە لەم بابەتەدا سەرکەوتوو بووینە، بۆ نموونە سەردانی جەنابی مەسعوود بارزانی کە ئەمڕۆ بۆتە هۆی دابەزینی گرژییەکان لە نێوان عێراق و هەرێم ئەنجامی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.
مەسعوودیان لە درێژەدا زیادی کرد: لەبارەی کابینەی نوێی دەوڵەتی عێراق و ناکۆکی لەسەر چەند وەزارەتخانەی سەرەکی؛ ڕاسپاردەی ئێران بۆ لایەنە عێراقییەکان ئەوەیە کە بە زووترین کات بگەنە ڕێککەوتن و وڵاتەکەیان لە دەستەوئەژنۆیی دەربێنن. ئێران کەسێکی تایبەتی بۆ ئەو چەند وەزارەتخانە لەبەرچاو نەگرتووە کە لە نێوان حزب و ئیئتیلافە عێراقییەکاندا ناکۆکیی دروست کردووە.
سەعدوڵڵا مەسعوودیان کونسۆڵی ئێران لە سلێمانی لە کۆتاییدا وەبیری هێنایەوە ئێران ئەو بڕیارانەی کە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دراوە بە موبارەک دەزانێت و هیوادارین حکوومەتی ئایندە بە هێزەوە بێتە سەرکار و ئەو کێشە و گرفتانەی کە ئێستا بەرۆکی خەڵکی هەرێمی کوردستانی گرتووە چارەسەر بکات؛ چوونکە بەستێن بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان بە بۆنەی نزیک بوونی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق بە کوردەکانەوە ئێستا فەراهەم کراوە.
دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان هەواڵدەریی کوردپرێس
وەرگێڕان: بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment