یه‌کێتی له‌سه‌ر به‌یاننامه‌که‌ی عادل عه‌بدولمه‌ھدی ھاته‌ده‌نگ

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- یه‌کێتی له‌سه‌ر به‌یاننامه‌که‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌باره‌ی ھه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان له ‌که‌رکوک ھاته‌ ده‌نگ و ئه‌ندامێکی مه‌کته‌بی سیاسیی ئه‌و حزبه‌ش ڕای‌گه‌یاند: که‌س ناتوانێت به‌ ھێز ئاڵای کوردستان له‌ سه‌ر باره‌گاکانمان بھێنێته‌ خواره‌وه‌، کام ھێز و لایه‌ن ناڕازییه‌ به ‌ھه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان له‌ که‌رکوک فه‌رموو با بڕوات له دادگای فیدراڵ شکات بکات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دوای ئه‌وه‌ی یه‌کێتی له‌سه‌ر باره‌گاکانی له‌ که‌رکووک، ئاڵای کوردستانی ھه‌ڵکرد، عادل عه‌بدولمه‌ھدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق به‌یاننامه‌یێکی بڵاو کرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردوووه‌: "ڕێگا گونجاوه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ پرسیار له‌ دادگای باڵای فیدراڵی بکرێت له‌سه‌ر ده‌ستووری بوونی ئه‌و ھه‌نگاوه‌ به‌ر له ‌په‌یڕه‌و کردنی، ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت ڕێز له‌ ده‌ستوور بگرین ھه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی ھه‌موان داوای ده‌که‌ین".

ئاسۆ مامه‌ند ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی و لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی که‌رکووکی یه‌کێتی ڕایگه‌یاند: به‌ ھیچ شێوه‌یێک ڕێگه ‌ناده‌ین ئاڵای کوردستان له‌سه‌ر باره‌گاکانی که‌رکووک بھێنرێته‌ خواره‌وه ‌و ھه‌موو ڕێکارێکی یاسایی له‌ دادگای فیدراڵی ده‌گرینه‌به‌ر.

ناوبراو وتیشی: "ئاڵای کوردستانمان له‌سه‌ر ھیچ باره‌گایێک نه‌ھێناوه‌ته‌ خواره‌وه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر ھێزێک بێته‌ که‌رکووک و بیه‌وێت به ‌ھێز ئاڵای کوردستان بھێنێته‌ خواره‌وه‌ به ‌دڵنیایییه‌وه‌ خه‌ڵکی که‌رکووک که‌ ھه‌میشه‌ له ‌پشتیان بووین، خۆیان ده‌بن به ‌قه‌ڵغانی مرۆیی و ڕێگری ده‌که‌ن له‌ ھێنانه‌خواره‌وه‌ی ئه‌و ئاڵایه‌".

ئاسۆ مامه‌ند له‌باره‌ی کێشه‌کانی که‌رکووکیشه‌وه‌ گوتی: "نامانه‌وێت کێشه‌کان قووڵ بکرێته‌وه‌، داوا له ‌ھه‌موو ھێزه‌ کوردستانییه‌کان ده‌که‌ین کۆبوونه‌وه‌کان له‌ که‌رکووک بکه‌ین و ھه‌موومان له‌ که‌رکووکه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر داھاتووی پارێزگاکه‌ بده‌ین".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50965

Your Comment

You are replying to: .
captcha