ڕەوتەکانی سەربە پەکەکە هۆشداری دەدەنە قوباد تاڵەبانی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- تەڤگەری ئازادیی لەسەر بڕیاری داخستنی بارەگاکانی، لە ڕێگای دادنووسی هەولێر-ەوە هۆشدارییێکی ئاراستەی حکوومەت کرد، بۆ ئەوەی بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوێنێ تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لەڕێگای پارێزەرەکەیانەوە، لە دادنووسی شاری هەولێر، لەسەر بڕیاری داخستنی بارەگاکانیان، کە لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرکراوە، هۆشدارییەکیان ئاراستەی جێگری سەرۆکی حکوومەت کرد.

لە هۆشدارییەکەدا، کە پاڵپشت بە نووسراوێکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەرکراوە، تانە لە بڕیاری داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی دراوە و بڕیارەکە بە "ستەم" لەسەر تەڤگەر دانراوە، داواش کراوە کە لەماوەی ١٥ ڕۆژدا بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە.

وەک بەرپرسانی تەڤگەری ئازادیی بۆ ڕۆژنیوز ڕوونی کردەوە، کە ئەگەر لەماوەی ئەو ١٥ ڕۆژەدا جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم وەڵامی داواکارییەکەی نەدایەوە، یاخود بە بڕیارەکەیدا نەڕۆشتەوە، ئەوا تەڤگەری ئازادیی مافی خۆیەتی کە لە دادگای ئیداریی هەرێم سکاڵای لەدژ تۆمار بکات.

ئەم هەنگاوەی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لەچوارچێوەی ئەو ڕێوشوێنە یاساییانەدا دێت، کە لەسەر داخستنی بارەگاکانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەیگرێتە بەر.

ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری داخستنی بارەگای ئەو حزبانەی دەرکرد، کە مۆڵەتی هەرێمی کوردستانیان نییە، ڕۆژی ٢٧ی هەمان مانگیش بڕیارەکە لەسەر تەڤگەری ئازادیی جێبەجێکرا و سەرجەم بارەگاکانیان داخران.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕایگەیاندووە: لە ٤ی ١٢ی ٢٠١٧ەوە وەک پارتێکی سیاسی لە تەواوی عێراقدا دانی پێدانراوە و مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە، بەڕێوبەرانی تەڤگەر چەندین جار جەختیان کردووەتەوە، کە هەر لە سەرەتای دامەزراندیانەوە داوای مۆڵەتیان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام وەزارەتەکە تاوەکوو ئێستا وەڵامی نەداونەتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 50902

Your Comment

You are replying to: .
captcha