داعش له‌ ڕه‌قه‌ هێرشی كرده‌ سه‌ر یه‌په‌گه

به‌شی سووریا- ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌کانی مرۆڤ ڕای‌ده‌گه‌یێنێت که‌ له‌ ئه‌نجامی هێرشێكی خۆكوژیدا له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ بۆ سه‌ر هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" له‌ شاری ڕه‌قه‌، شه‌ڕڤانێكی یه‌په‌گه‌ و 4 هاووڵاتی سڤیل كوژران و 8ی دیكه‌ش بریندار بوون.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یێكی ناوخۆییی شاری ڕه‌قه‌وه‌ ڕای‌گه‌یاندوووه‌: "پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 7ی کانوونی دووهه‌می 2019 هێرشبه‌رێكی داعش به‌ پشتێنه‌ی مینڕێژكراو هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر خاڵێكی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات له‌ شاری ڕه‌قه‌ كه‌ له‌لایه‌ن شه‌ڕڤانانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌له‌وه‌ پاسه‌وانی ده‌كرا و له‌ ئه‌نجامدا شه‌ڕڤانێكی یه‌په‌گه‌ و 4 هاووڵاتی سڤیل كوژران و 8ی دیكه‌ش بریندار بوون."

ڕوانگه‌که‌ ڕوونیشی كرده‌وه‌: "هێرشه‌كه‌ به ‌شێوه‌یێک ئه‌نجام درا، دوای ئه‌وه‌ی هێرشبه‌ره‌كه‌ ته‌قه‌ی له‌و شه‌ڕڤانانه‌ كردبوو كه‌ له‌ خاڵه‌كه‌دا بوون، توانیی خۆی بگه‌یه‌نێته‌ ناویان و خۆی پێوه‌ ته‌قاندوووه‌ته‌وه‌."

وه‌ک ڕاشگه‌یه‌ندراوه‌ له ‌ناو برینداره‌كاندا برینی ژماره‌یێكیان سه‌خته‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌ "پێشبینی ده‌كرێت به‌هۆی بوونی ده‌نگۆی ژماره‌یێكی زیاتری كوژراو و سه‌ختی برینی هه‌ندێک له‌ برینداران، له‌ داهاتوودا ژماره‌ی كوژراوان زیاد بێت."

له‌ ساڵی 2017وه‌ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات له‌ چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی ڕه‌قه‌دا ڕۆڵێکی به‌رچاویان له‌ كۆنترۆڵ كردنه‌وه‌ی ئه‌و شاره‌ و ڕزگاركردنی له ‌ده‌ست چه‌كدارانی داعش گێڕا كه‌ له‌ ساڵی 2014ه‌وه‌ به‌ پایته‌ختی داعش ڕاگه‌یه‌ندرابوو.

سه‌رچاوه‌: K24

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50884

Your Comment

You are replying to: .
captcha