پارتی دیموکرات، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د خالد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق‌ کاندید دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پارتی دیموکراتی کوردستان رێبه‌ر ئه‌حمه‌د خالد، وه‌زیری ناوخۆی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق‌ کاندید کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ دادگای باڵای فیدراڵ بڕیاریدا هۆشیار زێباری،‌ کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌ کاندیدبوونی دوور بخاته‌وه‌، ئه‌مڕۆ راگه‌یه‌ندرا کە ڕێبەر ئەحمەد بۆ ئەو پۆستە کاندید کراوە.

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د خاليد، له‌ جینۆسایدی بارزانییه‌کاندا باوک و که‌سوکاری ئه‌نفال کراون و ته‌نیا رۆڵه‌ی بنه‌ماڵه‌که‌یه‌تی رزگار بووه‌، دوای رزگاربوونی ئاواره‌ی ئێران بووه‌، له‌ دوای راپه‌ڕینی ساڵی 1991، بووه‌ته‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی راپه‌ڕاندنی یه‌کێتی قوتابیانی کوردستان، پاشان بووه‌ته‌ ئه‌ندامی مه‌کته‌بی ناوه‌ندیی رێکخستنی پارتی.

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، له‌ ئاژانسی پاراستن و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان رۆڵێکی کارای هه‌بووه‌، هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی به‌کالۆریۆسه‌ له‌ به‌شی ئه‌ندازیاریی شارستانی زانکۆی سه‌ڵاحه‌دین و ماسته‌ری له‌ زانکۆی ئاسایشی نیشتمانی عێراقی له‌ به‌غدا به‌ده‌ستهێناوه‌.

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د جگه‌ له‌ زمانی دایک، زمانه‌کانی عه‌ره‌بی، ئینگلیزی، فارسی ده‌زانێت.

له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌کاربوونی کابینه‌ی نۆیه‌می حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ته‌ممووزی ساڵی 2019 تائێستا، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د پۆستی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حکوومه‌تی هه‌رێم به‌ڕێوه ‌ده‌بات، ئێستاش له‌لایه‌ن پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق کاندید کرا.

News Code 5087

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha