کوردپرێس:
لەچەند رۆژی رابردوودا، گرژیی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان گەیشتە لووتكە كاتێك پارتی، یەكێتی بە دەستگیركردنی كادیرێكی لەناوچەی گەرمیان تۆمەتبار كرد، دواتر ئاسایشی هەولێریش چەند كادیرێكی یەكێتیی دەستگیر كرد.
محەمەدی حاجی مەحموود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، رایگەیاند كە "كاتێك پارتی و یەكێتی دەستیان بە گرتنی كادیری یەكتری كرد، " نێوانگیریم لەنێوانیان دا دەست پێكرد".
سەبارەت بەو بەرپرسانەی یەكێتی و پارتی كە مەسەلەی دوو ئیدارەییان ورووژاندەوە، رایگەیاند كە "ئەو قسانەی بەرپرسانی یەكێتی و پارتی لەبارەی دوو ئیدارەییەوە دەیكەن زیاتر بۆ فشار دروست كردنن لەسەر یەكتری یاخود كاروكاردانەوەن، ئەگینا دەرئەنجام دەبێت پێكەوە حكوومەت پێكبهێنن و دوو ئیدارەیی قبووڵ ناكرێت".
ناوبراو وتیشی: سەرەتا سەردانی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری یەكێتی كردووە، دواتر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پارتیشدا قسەیكردووە.
سەبارەت بە وەڵامی بەرپرسانی پارتی و یەكێتی بۆ نێوانگیریەكەی، سكرتێری حیزبی سۆسیالیست، وتی: "هەردوولایان بەڵێنی هێوركردنەوەی دۆخەكەیان پێدام، كاك كۆسرەت بەڵێنی دا كادیرەكەی پارتی ئازاد بكات، بەڵام وادیارە بەهۆی هەندێك رێوشوێنی یاسایی، مەسەلەكە بۆ رۆژی یەكشەمە دوا خرا".
Your Comment