هۆکارەکانی دوورخستنەوەی هۆشیار زێباری لە لیستی کاندیدی سەرۆک کۆماری عێراق

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایی له‌خولى پێشوى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق لە نووسینێکدا باس لە هۆکارەکانی دوورخستنەوەی هۆشیار زێباری لە لیستی کاندیدی سەرۆک کۆماری عێراق دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ نووسینێکدا له‌ژێر ناوى (پارتی ‌و پارتیەکان بۆ جاری دووەم، هۆشیار زێباریان شکاند) ئه‌حمه‌دى حاجى ڕه‌شید ئەندامی لیژنه‌ى دارایی له‌خولى پێشووى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ یه‌که‌مجار چه‌ند زانیاریه‌ک له‌باره‌ى بڕیاره‌که‌ى دادگاى فیدراڵى له‌دژى هۆشیار زێبارى ئاشکرا ده‌کات‌.

ڕووداوەکان چۆن ڕوویاندا و وردەکاریەکان چی بوون؟

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى دارایی له‌خولى پێشووى په‌رله‌مان ده‌ڵێت: "حکوومەتەکەی حه‌یده‌ر عه‌بادی دەیویست چاکسازیی بکات ‌و هەندێک لە وەزیرەکان بگۆڕێت، لەئەنجامدا 7 وەزیری پێکهاتەی شیعە گۆڕانیان بەسەرداهات، وەزیرێکی پێکهاتەی سونەش پرساندنی لەسەرکرا و دواجار متمانەی لێسەنرایەوە، بەڵام تاکە هێز کەپێداگریی کرد لەگۆڕینی وەزیرەکانی کورد بوو".

زۆرمان وت!!

ئه‌حمه‌دى حاجى ڕه‌شید نووسیویه‌تى: "ئەوکاتەش زۆرمان وت کە با پێکهاتەی کوردیش گۆڕانکاریی بکات، بەڵام بێهودەبوو، دواجار پرساندنی هۆشیار زێباریی دوای زیاتر لە یەک ساڵ دواخستن ‌و گرفت دروستکردن بۆ کەسی پرسێنەر، بابەتەکە دەستیپێکرد، لەبەرئەوەی هەیسەم جبوری) پرساندنەکەی دەکرد و لە لیژنەی دارایی بەیەکەوەبووین، داوام لێکرد پرسیارەکان ببینم کە ئاراستەی وەزیری دارایی دەکات، بیشزانم تاچەند بابەتەکە ئیبتیزازە یان جدییە".

"پرسیاره‌کانم بینى ‌و گه‌یشتمه‌ یه‌قین"

به‌وته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى خولى پێشوو، "دواى ئه‌وه‌ى داواکاریه‌که‌م له ‌هەیسەم جبوری کرد و ئه‌ویش پرسیارەکانى پێ نیشاندام‌و دیکۆمێنتەکانم بینى، گەیشتمە یەقین کەهۆشیار زێباری متمانە لەدەستدەدات".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ چى به‌پارتیه‌کان وت ‌و پارتیه‌کان چیان کرد؟

ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات، "سێ کەسایەتی پارتی لەپەرلەمان (کە ناوەکانیان نادرکێنم) لێیان پرسیم کە ئایا پرساندنی هۆشیار زێباری چی لێدێت، زۆر بەڕاشکاوی پێم وتن کە هۆشیار زێباری کۆتاییهاتوە، ئەگەر دەتانەوێت زیاتر عەیبدار نەبێت پێى بڵێن با وازنامە (ئیستیقالە) بکات لەپۆستی وەزیریەکەی پێشئەوەی ئیقالە بکرێت".زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:"دواتر وەفدێکی پارتی هاتن بۆ لامان له‌کاتى پرساندنەکە وەک فراکسیۆنی کۆمەڵ لەنوسینگەی فراکسیۆن لەناو پەرلەمان‌و بۆ شەوەکەشی هاتن بۆ سەردانمان لەشوقەکەمان، ئه‌وکاتیش زۆر بەڕاشکاوی بەوەفدەکەم وت، تازە باسی دوای هۆشیار زێباری بکەن، چونکە لەو (12) پرسیارەی کە ئاراستەی کرابوو لە(7) پرسیاریان گەندەڵی سابت بوە، بۆیە بەمەکتەبی سیاسیتان بڵێن ئێمە ڕاستگۆدەبین لەگەڵتان دەنگی ئێمە نەخێرەو پشتگیریی هۆشیار زێباری ناکەین".

ته‌ئکید ده‌کاته‌وه‌، "هەربۆیە ئەگەر پارتی‌و کادرەکانی پارتی پێیانبوتایە ئیستیقالە بکە، ئەوا ئیقالە نەدەکراو ئەوەشی ئێستە بەسەریهاتوە ڕوینەدەدا".

ده‌بێت زێبارى چى بکات ئێستا؟

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ کورده‌ له‌خولى پێشوى په‌رله‌مان ئه‌وه‌ى ڕونکردۆته‌وه‌، "بۆیە دەبێت هۆشیار زێباری بەرپرسیارێتی لێسەندنەوەی متمانە بخاتە ئەستۆی خۆی کە گەندەڵیەکی حاشالێنەکراوی کردبوو وایزانیبوو بۆی دەچێته‌سەر، پاشان بەرپرسیارێتیەکەی تری بخاتەسەر فراکسیۆنەکەیان کە لەناو هۆڵی پەرلەمان پەلاماری (هەیسەم جبوریان)دا ئەوەش وایکرد، لایەنەکانی سوننەو شیعە ئەوەندەی تر ڕق ئەستوربن بەرامبەر بەهۆشیار زێباری".

پارتى چاڵى بۆ کێ هه‌ڵکه‌ندو کێى تێکه‌وت؟

ئه‌حمه‌د حاجى ڕه‌شید ئه‌وه‌شى به‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌، "بۆ مێژوش دەیڵێم، خستنە دەنگدانی لێسەندنەوەی متمانە لەهۆشیار زێباری بە(نهێنی) پێشنیازی کادرێکی باڵای پارتی بوو لەکۆبونەوەیەکی باڵا سەبارەت بەلێسەندنەوەی متمانە لەوەزیرە سونیەکە، بۆیە چاڵیان بۆ وەزیرێکی سونی هەڵکەند وەزیرەکەی خۆیانی تێکەوت".

"یه‌ک کارتۆن به‌ڵگه‌و دۆکیۆمێنت دژى زێبارى هه‌بون"

ئاماژه‌ به‌به‌ڵگه‌کانى سه‌ر زێبارى ده‌کات‌و ئاشکرایکردوه‌، "لەگەڵ بونی یەک کارتۆن دۆسیەو بەڵگەو دۆکیۆمێنت کە (هەیسەم جبوری) بەدەستی خۆی بردونی بۆ دەستەی دەستپاکی تایبەت بەدۆسێکانی وەزارەتی دارایی، جگە لەدۆسێی وەزارەتی دەرەوە کە موچەی سەرجەم سەفیرەکانی بەپێچەوانەی یاساو ڕێنمایەکانەوە سەرفکردوە بۆ ماوەی چوارساڵ، دێت خۆی کاندید دەکات بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار".

ئاماژه‌ى به‌خاڵێکى هه‌ستیاریش کردوه‌ له‌باره‌ى سوڵحى پارتى له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ زێبارى کردو نوسیویه‌تى:"هەرچەندە زۆربەی ئەندامانی لیژنەی دارایی خولی پێشوو بەهەیسەم جبوریشەوە، داواتی هەولێر کرابون سوڵحیان لەگەڵ هەیسەم کردبوو".

له ‌کۆتاییشدا ئه‌وه‌ى وتووه‌، "دەڵێم پارتی پیاوێکی بەڕوشد ژیری تیانەبوو بڵێت کاکە ئەم کاندیدبوونە موجازەفەیە، ماوەی چەند ڕۆژە هەرچی کادری پارتی هەیە له ‌به‌غدا لە لێدوانەکانیان دەڵێن، هۆشیار زێباری تاکە کاندیدە و سەرۆک کۆماری ئایندەیە، بۆیە دەبێت هۆشیار زێباری بەرپرسیارێتی شکستەکەی ‌و ئەو کارەساتەشی بەسەریهاتووە کە هاتا مێژوو ماوە نە پارتی نە خودی هۆشیار زێباری ‌و نە خانەوادەکەی، ئەم لەکەیەیان لەکۆڵ نابێتەوە، بخەنە ئەستۆی پارتی ‌و کادرەکانی بەغدایان ‌و خودی هۆشیار زێباری".

News Code 5082

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha