کوردپرێس:
سالار عوسمان، ئەندامی دەزگای راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە بوڵتەنێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیاییی رووداو، لەبارەی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "پێم وایە ئەو کابینەیەش وەکوو کابینەی پێشوو درەنگ پێکدەهێندرێت".
سالار عوسمان، دەڵێت: "ئەو کابینەش بە هەمان شێوەی کابینەی پێشوو گرفت لە بەردەم پێکهێنانی هەیە، ئەگینا دانوستاندن و دیدار و تەنانەت پەیوەندیی تەلەفۆنییش لە نێوان لایەنەکاندا هەیە، بەڵام بە راشکاوی دەبێت بڵێین کە گرفتەکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە".
بە گوتەی ئەو ئەندامەی دەزگای راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە یەکەم پرۆسەی هەڵبژاردن لە کوردستان لە ساڵی 1992 "ئەوکاتەش پارتی دیموکراتی کوردستان 51%ـی دەنگەکانی هێنا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان 49%ـی دەنگەکانیان بەدەستهێنا، ئەوکاتیش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رازی نەبوو بە دەنگ، رای گەل کە 49% دەنگەکانی پێدابوو، ئەوکاتیش جۆرێک لە گرژی دروستبوو، بەڵام بارزانی بە حیکمەتی خۆی گوتی بۆ ئەوەی ئێمە رووێکی جوان پیشانی دونیا بدەین و یەکەم پرۆسەی هەڵبژاردنمان سەرکەوێت و پاڵپشتی دونیا بۆ ئەو هەرێمە رابکێشین، ئەوەبوو یاساییەکان بڕیاریاندا بکرێتە 50 بە 50".
سالار عوسمان دەشڵێت "ئێمە ئێستا لەبەردەم جۆرێک لە تێگەیشتنداین کە دیموکراسیانە نییە، رێز لە خەڵک و دەنگی خەڵک ناگرێت، لای پارتی دیموکراتی کوردستان کورسییێک و پۆستێک لێرە لە بەغدا گرنگ نین بەقەد ئەوەی لەبەردەم گرفتێکدایە، ئەویش ئەوەیە گرفتی تێنەگەیشتن یان تێگەیشتن، گرفتی دروستکردنی ئاریشە یان چارەسەری سیاسی، گرفتی هاوکاری و بە یەکەوە کارکردن یان جۆرێک لە دڕدۆنگی سیاسی، چونکە بەم واقیعە وڵات بەڕێوەناچێت".
سەبارەت بە لایەنەکانی دیکەش، ئەو ئەندامەی دەزگای راگەیاندنی پارتی، پێیوایە: "گۆڕان تاوەکو ئێستا زۆر ئیجابییە، زۆر بە رێکوپێکی گفتوگۆیەکان دەکات، ئەگەر بێت و تابلۆی تێگەیشتنی سیاسی بە وردی بخوێنینەوە، هەموو حیزبەکان لەگەڵ ئەوەن رێز لە ئیرادەی گەل و دەنگدەران بگرێت، بەڵام ئەوەی جار جار لێرە و لەوێ نەغمەیەک کە بەنەمەتی هێز قسە دەکات و دەنگ و پرۆسەی هەڵبژاردنی بەلاوە زۆر گرنگ نییە".
لەبارەی ئەو خواستەی یەکێتی هەیەتی بۆ رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ پارتی، سالار عوسمان، دەڵێ: "پارتی لەگەڵ رێککەوتنێکی نوێیە، بەڵام لەگەڵ تێکەڵکردنی ئەوراق نییە، پارتی بەنیازە ئەمجارە لەگەڵ هەر حیزبێک رێککەوێت، دەبێت لە رێگگەی رێککەوتننامە بێت، گریمان لەگەڵ گۆڕان رێککەوێت، ئایا دێتە حکومەت تاوەکو نیوەڕۆ حکومڕان دەبێت و ئێوارە ئۆپۆزیسیۆن دەبێت، بۆیە هەموو ئەوپرسیارانە دەخرێتە نێو ئەو رێککەوتننامەیە".
سالار عوسمان، دەشڵێ: "پارتی لەگەڵ رێککەوتنە، بەڵام کام رێککەوتن، رێککەوتنێک وڵات قازانجی لێبکات، یان رێککەوتنێک ئەوراق تێکەڵ بکات، بۆ نموونە ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێ ئێمە لەگەڵ ئەوەین پرسی کەرکووک، بەغدا و پێکهێنانی حکومەت بخەینە ناو رێککەوتنێک، ئەمانە بابەتی لێکجیان، ئێمە ئێستا لەبەردەم پەرپرسیاریێتیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی گەورەداین، ئەویش پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، پرسی کەرکووک زۆر جیاوازە لە پرسی پێکهێنانی حکومەت، جارێ یەکێتی دەبێت لەنێوخۆیدا پرسیاری جیدی ویژدانی ئەوە وەڵام بداتەوە 16ـی ئۆکتۆبەر بۆ؟ بۆیە دەبێت پرسەکان بە جیا بن نەک تێکەڵ بکرێن".
سەبارەت بە داواکارییەکانی یەکێتی لەو کابینەیە، ئەو ئەندامەکەی دەزگای راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "یەکێتی ئەگەر شەرم نەکات، کە کەمێک شەرمی پێوەدیارە، داوای 50 بە 50 دەکات، وەکوو مەعشووقێک حەزی لە یاری 50 بە 50یە، من پێم وایە زەمەنی 50 بە 50 گوزەشت، دەبێت بزانین تەوافوقی سیاسی مانای چییە؟ تەوافوقی سیاسی بریتی نییە لە بنکۆڵکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەوافوقی سیاسی بریتی نییە لە فەشەلهێنان بە پرۆسەی بونیادنانی وڵاتێک، بەڵكو تەوافوقی سیاسی بریتییە لە هێز، کەواتە دەبێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تایبەت رۆشنبیر و رووناکبیرەکانیان پرسیاری جیدی لە خۆیان بکەن، یەکێتی بەنیازی چییە؟ لە رێگەی تەوافوق و تێکەڵکردنی ئەوراقەکان و 50 بە 50، ئەرێ ئەو حیزبەی بانگەشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤی دەکرد بۆ لە 1992ـوەوە تاوەکو ئێستا یەخەی 50 بە 50 گرتووە؟".
Your Comment