کوردپرێس:
لە بەیاننامەیێکدا ڕۆژی سێشەممە (١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای هەواڵگریی سەربازی بڵاوی کردەوە، لەکاتی ئۆپراسیۆنێک بۆ کێوماڵکردنی زنجیرە چیای مەکحول لە پارێزگای سەڵاحەدین، بە هاوکاریی شانەکانی هەواڵگری و هێزەکانی دژەتیرۆر و هێزە سەربازییەکان و حەشدی شەعبی و هێزی ئاسمانی، هێرش کرایە سەر ئەو ناوچانەی کە گومان هەبووە چەکدارانی داعشیان تێدابێت لە زنجیرە چیاکە، دوای گەڕان و پشکنینی ورد توانراوە چوار تونێل و خەندەقێک ئاشکرابکرێت، کە درێژییەکەی ٣٠ مەترە و چەکدارانی داعش بۆ خۆحەشاردان و حەوانەوە بەکاریانهێناوە.
هەر لە ئۆپراسیۆنەکەدا دەستگیراوە بەسەر ٢٣ دەبەی مادەی نتراتی ئامۆنیا، کە بۆ بۆمبی دەستکرد بەکاردێت؛ هەروەها دەستگیراوە بەسەر ٣٦ بۆمبی جیاجیا و ٢ دەبە مادەی سی فۆر و چەند گولـلە ئاڕ پی جییەک و چەندین ئامێرێکی بێدەنگکردنی چەکی دەمانچە و چەند بڕێک لە خۆراک و کەلوپەل و پێداویستی جیاجیا.
دوای پشکنین و هەڵگرتنەوەی تەواوی بۆمب و مادە تەقەمەنییەکان، لەلایەن یەکەی ئەندازیاری سوپاوە، سەرجەم تونێل و خەندەقەکەش تەقێنراونەتەوە و تێکوپێکدراون.
ئەو ئۆپراسیۆنەی هێزە هاوبەشەکانی عێراق لەکاتێکدایە، ناوبەناو لێرە و لەوێ چەکدارانی داعش دەرکەوتوونەتەوە و لە چەند ناوچەیەکیش هێرش و کردەوەی چەکدارییان ئەنجامداوە، بەتایبەت لە ناوچەکانی پارێزگای دیالە.
*لە ئێن ئاڕ تی وەرگیراوە
Your Comment