کوردپرێس:
کاوە شێخ عەلی جێگری پارێزگاری هەولێر بابەتێکی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاو کردۆتەوە و وتوویەتی بەشداریی دانیشتنێکی کردوووە کە تێیدا گفتوگۆ لە سەر کردنەوەی 4 دەروازەی سنووری فەرمی لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان کراوە.
ناوبراو دەشڵێت: لە دانیشتنەکەدا جەخت کراوەتە سەر زەروورەت بە فەرمی کردنی چوار خاڵی سنووریی کێلێ و سەیران بەند و پشتە و تەوێڵێ و هەروەها لە بارەی کردنەوەی خاڵی سنووریی "سازان"ی هەڵەبجەشەوە گفتوگۆ کراوە.
کاوە عەلی زیادی کردووە: تا ئەم کاتەش کۆمەڵێک ئامادەکاری ماوە کە دەوڵەتی ئێران لەو دیوی سنوورەوە بیکات و بڕیار دراوە لە ئایندەیێکی نزیکدا هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بکرێن.
زۆرینەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاندووە کە هەموو ئامادەکارییەکان بۆ بە فەرمی کردنی مەرزەکان لە دیوی هەرێمە کراوە.
ئێستا سێ دەروازەی سنووری باشماخ و حاجی ئومەران و پەروێزخان بە فەرمی لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا کراوەیە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیاران لەو سێ دەروازە سنوورییەوە ئەنجام دەبێت.
Your Comment