فه‌رمانده‌کانی ئه‌مریکا: نابێت چه‌که‌کانمان له‌ یه‌په‌گه‌ وه‌ربگرینه‌وه‌

به‌شی جیهان- چوار که‌س له‌ فه‌رمانده‌ باڵاکانی ئه‌مریکا که‌ پلانی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکایان له‌ سووریا داناوه‌ پێشنیاریان کردوووه‌ ئه‌و چه‌کانه‌ له‌ شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌ وه‌رنه‌گیردرێته‌وه‌ که‌ پێیان دراوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مریکا له‌ ساڵی 2014 و هاوکات له‌گه‌ڵ مه‌شقپێکردنی سه‌ربازیی هێزه‌ کوردییه‌کانی سووریا، چه‌کی سووک و قورسی ڕاده‌ستی ئه‌وان کردوووه‌. هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا بابه‌تی وه‌رگرتنه‌وه‌ی چه‌ک له‌ هێزی کوردی سووریاش خراوه‌ته‌ به‌ر باس و لێکدانه‌وه‌ و تورکیا داوا ده‌کات که‌ ئه‌مریکا ئه‌و چه‌کانه‌ له‌ یه‌په‌گه‌ وه‌ربگرێته‌وه‌.

چوار فه‌رمانده‌ی باڵای ئه‌مه‌ریکا به‌ ئاژانسی هه‌واڵی ڕۆیته‌رزیان ڕاگه‌یاندوووه‌ که‌ تاوه‌کوو ئێستا له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریکا گفتوگۆ ده‌کرێت و هیچ بڕیارێک نه‌دراوه‌ به‌ڵام دوای ته‌واوبوونی پلانه‌که‌ ده‌خرێته‌ به‌رده‌م دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری له‌باره‌وه‌ بدات.

سێ که‌س له‌و چوار فه‌رمانده‌یه‌ی سوپای ئه‌مریکا که‌ نه‌یانویستووه‌ ناوه‌کانیان ئاشکرا بکرێت ڕای‌ده‌گه‌یێنن که‌ ڕێگه‌پێدان به‌ شه‌ڕڤانانى یه‌په‌گه‌ بۆ پارێزگاری کردن له‌ چه‌که‌کانیان به‌شێکه‌ له‌ ڕاسپارده‌ى ئه‌و گفتوگۆیانه‌ى ئه‌نجام ده‌درێن له‌باره‌ى ڕه‌شنووسى پلانى کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ سووریا.

شین ڕۆبه‌رسون وته‌بێژى وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریکا (پێنتاگۆن) ڕای‌گه‌یاند که‌ پلانه‌که‌ بۆ کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکایه‌ به ‌شێوه‌یێکى دیاریکراو و ڕێکخراو تاوه‌کوو سه‌رجه‌م ڕێوشوێنه‌کان بۆ گره‌نتى سه‌لامه‌تى سه‌ربازانى ئه‌مه‌ریکا بگیرێته‌به‌ر.

له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا به‌رپرسێكی ئه‌مریكی جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ به‌ یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه‌"یان ڕاگه‌یاندوووه: "تا كۆتاییی جه‌نگی دژی داعش، چه‌ک و جبه‌خانه‌یان پێده‌ده‌ن چوونکه‌ شه‌ڕ كۆتایی نه‌هاتوووه‌ و ناتوانین هه‌روا به‌ ئاسانی داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌كه‌كان بكه‌ین".

به‌پێی لێدوانی به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریکا پێشنیاری مانه‌وه‌‌ی چه‌که‌ ئه‌مه‌ریکییه‌کان له ‌ده‌ستی شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌دا هه‌موو جۆره‌کانی چه‌ک له‌ ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی و دژه‌ تانک و جۆره‌کانی دیکه‌ی چه‌ک ده‌گرێته‌وه‌ که‌ کاریگه‌رن له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌کاندا.

شایانی باسه‌؛ 19ی ئه‌م مانگه‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بڕیاری دا هێزه‌کانی له‌ سووریا بکشێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانیی هێزه‌ کوردییه‌کانی به‌دوای خۆیدا هێنا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50626

Your Comment

You are replying to: .
captcha