کوردپرێس:
پاش بڕیاری چاوەڕواننەکراوی ترەمپ بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا کوردەکانی سووریا کە ئەمریکییەکانیان بە هاوپەیمانی سەرەکیی خۆیان دەزانی و چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد کە ئەمریکا لە بەرانبەر ئەگەری هێرشی تورکیا بەرگرییان لێ بکات بە بێ هیواییەوە دەستەوداوێنی فەڕەنسا بوون کە ئەو وڵاتەش بەبوونی 200 هێزی تایبەتی سەربازی لە سووریا کاریگەریی ئەوتۆی لەو وڵاتەدا نییە.
بەرپرسانی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات، باڵی سیاسیی هێزی کورد-عەرەبی سووریا پاش بڕیاری چاوەڕوواننەکراوی ترەمپ سەردانی پاریسیان کرد و بۆ وەرگرتنی گەرەنتیی پشتگیری کردنی کورد، لەگەڵ ڕاوێژکارانی باڵای ئیمانویل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەڕەنسا کۆ بوونەوە. ژماریێک لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و کۆشکی ئێلیزە پشتگیریی خۆیانیان بۆ کورد ڕاگەیاند. پاش دوو ڕۆژیش ماکرۆن بە ئەمریکای ڕاسپارد کە دەبێت هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو بێت بۆ ئەوەی کورد پشتی پێببەستێت.
ژمارەیێک لە چاودێرانی سیاسی وەکوو پشتگیریی فەڕەنسا لە کورد خوێندنەوە بۆ ئەو گۆڕانکارییە دەکەن و دەڵێن ئەگەری ڕۆڵگێڕانی فەڕەنسا بۆ دابەزاندنی گرژیی نێوان تورکیا و کوردی سووریا وێنا دەکرێت. ئەوەش لە کاتێکدایە هەندێک لەو بڕوایەدان کە فەڕەنسا و هاوپەیمانان خۆیان گرفتاری قەیرانی ڕەوایییەتن لە سووریا و پاریسیش توانای پێویستی نییە کە پشتگیریی کورد بکات. نموونەی بەرچاویشی داگیرکردنی عەفرین لە لایەن تورکیایە کە سەرەتای 2018 سەرەڕای هەموو ڕەخنە و هەوڵە دیپڵۆماسییانەکان ڕووی دا.
کورد ددان بەوەدا دەنێت کە کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا پێگەی ئەوانی خستۆتە مەترسییەوە.
بەرپرسێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە ئەڵمۆنیتۆری وتووە خەیانەتی ترەمپ کوردی سووریای لاواز کرد بەڵام ئاماژەی بەوەش کردووە کە دوور نییە کورد بۆ ڕێگری کردن لە هێرشەکانی تورکیا پێشوازی لە هێزی دەوڵەتی ناوەندیی سووریا بکات.
ناوبراو لەو بڕوایەدایە کە فەڕەنسا لە سووریا بوونی هەیە و بە یاوەریی ڕووسیا و دیمەشق بە هاوکاریی یەکتر دەتوانن ڕێگر بن لە هێرش کردنی تورکیا بۆ سەر کوردی سووریا.
مارک پیرینی توێژەرێکی پەیمانگای کارنگی بە ئەلمۆنیتۆری وتووە فەڕەنسا و یەکێتیی ئەورووپا دەتوانن لەلایەن کوردەکانەوە گوشار بخەنە سەر دیمەشق، واتا فەڕەنسا و یەکێتیی ئەورووپا دەتوانن بە دەستوەردانی سیاسی ئەمنییەتی کورد تەزمین بکەن.
ناوبراو لەو بڕوایەدایە ئەگەر فەڕەنسا بتوانێت هەنگاوێکی کرداری هەڵبگرێت ئەوا ئەو هەنگاوە لە دەیرەزوور دەبێت. دەیرەزوور ئەو ناوچەیەیە کە هێشتاکە داعشی تێدایە بەڵام ئەو بابەتەش بەستراوە بە کات و چۆنیەتیی کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا. بەڵام ژماریێک چاودێری دیکە گومانیان هەیە لەوەی کە فەڕەنسا بتوانێت هیچ بۆ کورد بکات.
فابریس باڵانشە کارناسێکی سوورییە کە دەیان ساڵە گۆڕانکارییەکانی ئەو وڵاتە موتابعە دەکات بە ئەلمۆنیتۆری وتووە: "نابێت ئەوە لە بیر بکەین کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بوونی هاوپەیمانان لە سووریا دیاردەیێکی مەشرووع و ڕەوا نییە. فەڕەنسا و ئەورووپا دەتوانن بۆ سنووردارکردنی دەستوەردانی سەربازیی تورکیا کار بکەن بەڵام زەحمەتە کە ئەنجامێکی هەبێت. لە بەر ئەوەیە ئەنجامی ئەو هەوڵانەمان لەبارەی عەفرینەوە بینی".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment