کوردپرێس:
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەمەی ڕابردوو 20ی کانوونی یەکەمی 2018 بڕیاری کشانەوەی 2600 هێزی ئەمریکیی لە سووریا ڕاگەیاند و ئەوەش کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا کە بەرچاوترینیان دەست لە کار کێشانەوەی جەیمز مەتیس وەزیری بەرگریی ئەمریکا و برێت مەکگۆرک نێردەی تایبەتی سەرکۆماری ئەمریکا لە عێراق و سووریا بوو.
ئەمریکا بە بیانووی شەڕی داعش هاتۆتە عێراق و سووریا بەڵام دیارە کوردی سووریا لە بەرەی پێشەوەی شەڕی وشکانیی دژ بە داعشە. هێزی کوردی سووریا بە هاوکاریی ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانان توانیوانە نزیکە یەک لە سەر چواری خاکی سووریا کۆنتڕۆڵ بکەن و لە داعش پاکی بکەنەوە. لە ڕاستیدا ئەمریکا سەرەکیترین هاوپەیمانی کوردی سووریایە بەڵام کشانەوەی واشەنتۆن لە سووریا لەم قۆناغەدا وەکوو خەیانەتێک لە کورد خوێندنەوەی بۆ دەکرێت لە بەر ئەوەی هاوکات لەگەڵ بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا، تورکیا خۆی ئامادە کردووە هێرش بکاتە سەر کوردی سووریا.
جۆرجیۆ کافیرۆ دامەزرێنەری پەیمانگای "گۆڵف ستیت ئانالیتیکس" بڕوای وایە گرینگترین لێکەوتەی بڕیارەکەی ترەمپ ئەوە دەبێت کە هانی کورد دەدات بۆ ئەوەی ڕوو لە دیمەشق و مۆسکۆ بکەن.
کافیرۆ لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی وتووە بە ئەگەری زۆرەوە بڕیارەکەی ترەمپ، کوردەکانی سووریا هان دەدات کە ڕوو لە مۆسکۆ و دەوەڵەتی ناوەندیی سووریا بکەن.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارەکانی کوردپرێسدا زیادی کرد: بەرپرسانی تورکیا پێشوازییان لە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا کرد بەڵام نیگەرانن لەوەی کە کشانەوەی ئەمریکا و جێگە بەتاڵەکەی ئەو وڵاتە لە سووریا ببێتە هۆی بۆشاییی دەسەڵات لە ناوچەکە و سەرهەڵدانی سناریۆیێکی مەترسیداری دیکە. ئەنقەرە نیگەرانە لەوەی ئەو سناریۆ نوێیە مەترسیی زیاتر لە سەر سووریا دروست بکات. هەر بەو بۆنەیەشەوە دەبێت ئەنقەرە و واشەنتۆن هاوکاریی پێویستیان لەگەڵ یەکتر هەبێت بۆ ئەوەی سناریۆیێکی مەترسیدارتر ڕوو نەدات.
دامەزرێنەری پەیمانگای "گۆڵف ستیت ئانالیتیکس" هەروەهاش بە کوردپرێسی وتووە پرسیارە گرینگەکە ئەوەی کە ئایا ڕووسیا زەمینەی پێویست بۆ نزیکبوونەوەی دیمەشق و ئەنقەرە فەراهەم دەکات یان خەیر.
کافیرۆ سەبارەت بە دەوربینین ڕووسیا لە ڕووداوەکانی نێوخۆی سووریا بە کوردپرێسی وت: بێگومان ڕووسیا کار بۆ ئەو ئاراستەیە دەکات کە هەیکەلییەتی ئەمنیی سووریای پاش قەیران پێکدەهێنێت.
Your Comment