ئامانجی تورکیا لە سووریا دوژمنایەتی کردنی کوردە نەک داعش

بەشی جیهان- بەپێی ڕاگەیێندراوە فەرمییەکان تورکیا بەڵێنی بە ئەمریکا داوە پاش کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا، ئەنقەرە شەڕی دژبەداعش لە سووریا تەواو بکات بەڵام زۆرینەی چاودێرانی سیاسی بڕوایان وایە ئامانجی تورکیا لە سووریا ئەوەیە کە دوژمنایەتیی کورد بکات و ئیدعای شەڕ دژ بە داعش درۆیە.

کوردپرێس:

دۆناڵد ترەمپی سەرۆیک ئەمریکا سەبارەت بە هۆکاری خۆی بۆ دەرکردنی بڕیاری کشانەوەی هێزی ئەمریکی لە سووریا وتوویەتی: تورکیا بەڵێنی داوە درێژەی شەڕی دژ بەداعش وەئەستۆ بگرێت.

ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا لەو بارەیەوە نووسیی: کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا دەستی تورکیا دەکاتەوە کە بە ئاسانی هەڵبکوتێتە سەر کورد و هێزی یەپەگە. مەولوود چاوش ئوغڵۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند وڵاتەکەی توانای ئەوەی هەیە کە بە تاقی تەنیا شەڕی داعش بکات بەڵام خاوەن بیران پسپۆڕان دەڵێن مەودای نێوان تورکیا و حەشارگەکانی داعش زیاتر لە 400 کیلۆمەترە و لە باری لۆجەستیکییەوە تورکیا توانای لەناوبردنی داعشی نییە.

فرانس پرێس نووسیویەتی: تورکیا بە توندی دژایەتیی کوردەکانی سووریا دەکات کە لەودیوی سنووری تورکیاوە نیشتەجێن. ئامانجی سەرەکیی ئەردۆغانیش بۆ چوونە ناو خاکی سووریا ئەوەیە شەڕی میلیشیاکانی یەپەگە بکات کە ئەمریکا بۆ شەڕی داعش مەشقی پێکردبوون.

نیکۆلاس هراس چاودێری سیاسی و شرۆڤەکاری پەیمانگای نیوئەمریکەن سێکیوریتی بڕوای وایە تورکیا ئێستاکە بە قەدەری پێویست میلیشیا و بەرهەڵستکاری بە ئەۆموون و مەشرووعی پێ نییە بۆ ئەوەی خۆرهەڵاتی ڕووباری فورات داگیر بکات. تورکیا تەنانەت ئەگەر یارمەتیی ئەمریکاشی لەگەڵ بێت چەندین مانگ دەخایەنێت بۆ ئەوەی هێزێکی وا پەروەردە بکات. لە ڕاستیدا ئەردۆغان بەڵێنێکی بە ترەمپ داوە کە بۆ جێبەجێ کردنی کێشەی دەبێت.

فابریس باڵانشە کارناسی کاروباری سووریاش بە فرانس پرێسی وتووە هێزەکانی داعش لە خۆرهەڵاتی سووریا و لە دەوروبەری "البوکمال"ن کە لە سنووری تورکیاوە 400 کیلۆمەتر دوورە. تورکیا ناتوانێت تا ئەو ڕادەیە لە سنوورەکانی خۆی دوور بکەوێتەوە. هێزی سووری و عێراقی پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە ئەرکی شەڕی دژبەداعش وەئەستۆ دەگرن. تورکیا تەنانەت ناشتوانێت هێزی "حیات تحریر الشام"ی سەر بە قاعیدەش لە سنوورەکانی خۆی دوور بخاتەوە ئێستا چۆن دەتوانێت بە یارمەتیی عەرەب، داعش لە ناو بەرێت.

ناوبراو بڕوای وایە لە باشترین حاڵەتدا تورکیا تەنها دەتوانێت داعش لە سنوورەکانی خۆی دوور بخاتەوە.

سنان ئولجەن، دیپڵۆماتکاری پێشووی تورکیا و بەڕێوەبەری ئێستای سەنتەری توێژینەوەی سیاسی و ئابووری لە ئەستەنبۆڵ بڕوای وایە دووریی مەودای نێوان سەنگەرەکانی داعش و سنوورەکانی تورکیا یەکێگە لە کێشە سەرەکییەکانی تورکیا بۆ شەڕی دژبە داعش. دیار نییە تورکیا چۆن دەیەوێت لەو مەودا دوورەوە کەمپێنی شەڕی دژبە داعش پێکبهێنێت.

لینا خەتیب بەڕێوەبەری بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگای چەتم هاوسی لەندەنیش بە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسای وتووە: ئەردۆغان بە بێ ئەوەی پلانی هەبێت بەڵێنی بە ترەمپ داوە شەڕی دژ بە داعش وەئەستۆ بگرێت.

ناوبراو بڕوای وایە ئەردۆغان دەیهەوێت هەلەکە بقۆزێتەوە بۆ زەبر دان لە هێزەکانی یەپەگە ئەگینا شەڕی دژ بە داعش پێویستی بە ستراتێژییەت و نەخشەڕێگای تۆکمە هەیە کە تەنانەت هاوپەیمانیی دژبەداعشیش خاوەن ئەو بەرنامە تۆکمەیە نییە.

ناوبراو هۆشداریی ئەوەشی داوە کە ئەگەر تورکیا بە کرداری دەست بە شەڕی دژبە داعش بکات ئەوا ئەو گرووپە تیرۆریستییەش تۆڵەی خۆیان دەسێننەوە.

News Code 50570

Your Comment

You are replying to: .
captcha