بلوومبێرگ: تورکیا بەنیازە جێگەی بەتاڵی ئەمریکا لە سووریا پڕ بکاتەوە

بەشی جیهان- کەناڵی بلوومبێرگ ڕایگەیاند تورکیا مەبەستییەتی تاکە وڵات بێت کە جێگە بەتاڵەکەی ئەمریکا پاش کشانەوەی لە وڵاتی سووریا پڕ بکاتەوە.

کوردپرێس:

هاوکات کە ئیدارەی ترەمپ ڕایگەیاند هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا دەکشێنەوە، دەوڵەتی تورکیا دەستی کرد بە ناردنی بە لێشاوی هێز و کەرەستەی سەربازی بۆ نێو خاکی سووریا و سنوورەکانی تورکیا و سووریای بە هێزی سەربازی پڕ کردەوە. بەشێکی هێزەکانی سووریا لە هەمان ساڵی 2016وە لە نێو خاکی سووریان و ئەو هێزانەن کە بەشداریی ئوپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتیان کردبوو و بەشێکی دیکەشیان کە 2018 بەشداریی ئوپەراسیۆنی چڵەزیتوونیان کردبوو لە داگیرکردنی کانتۆنی عەفرین بە هەمان شێوە لە نێو خاکی سووریادان. میلیشیا تیرۆریستەکانی سوپای ئازادیش کە ناوی خۆیانیان بۆ "سوپای نیشتمانی" گۆڕیوە بەشدار دەبن لەو هێرشەی پێ دەچێت تورکیا بیکاتە سەر کوردی سووریا. ئەوەش پاش کشانەوەی بەتەواوەتیی هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچە کوردنشینەکانی باکووری سووریا و خۆرهەڵاتی ڕووباری فورات.

کەناڵی بلوومبێرگ ڕایگەیاندووە کە تورکیا بەنیازە تاکە وڵات بێت کە جێگە بەتاڵەکەی ئەمریکا پاش کشانەوەی لە وڵاتی سووریا پڕ بکاتەوە و بەو مەبەستەش هەموو ئەمادەکارییێکی کردووە بۆ هێرشکردن و لەو بابەتەشدا لەگەڵ ڕووسی و ئەمریکا هەماهەنگیی تەواویان کردووە.

ئەگەرچی تورکیا پاش بڕیاری ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزی ئەمریکی لە سووریا ڕایگەیاند کە ئوپەراسیۆنەکانی بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان دوا دەخات بەڵام جووڵەی سەرابزیی سوپای تورکیا لە سنووری تورکیا و هەروەهاش لە نێوخۆی خاکی سووریا زیادی کردووە و وا دەردەکەوێت بەم زوووانە ئوپەراسیۆنەکە دژی کوردی سووریا دەست پێبکات.

چ کوردیش و چ فەرمانبەرانی ئیدارەی ترەمپیش سەریان لە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی 2600 هێزی ئەمریکی لە سووریا سوڕماوە و کوردی سووریاش کەوتووەتە خۆی بۆ ئەوەی هاوپەیمانی نوێ بۆ خۆی بدۆزێتەوە و چەند بەرپرسێکی ئیدارەکەی ترەمپیش کە دژی بڕیارەکەی بوون دەستیان لە کار کێشاوەتەوە.

News Code 50561

Your Comment

You are replying to: .
captcha