فه‌رمانده‌یێكی حه‌شدی شه‌عبی: هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌ شنگال ناهێڵرێن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- فه‌رمانده‌ی فه‌وجی لالشی حه‌شدی شه‌عبی باس له‌وه ‌ده‌كات ئه‌و هێزه‌ی چۆته‌ سه‌ر باره‌گای هێزه‌كانی پاراستنی ئێزدخان له‌ شنگال و بۆ ماوه‌یێک ژماره‌یێک پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و هێزه‌ی ده‌ستگیر كردوووه‌ سه‌ر به‌ پرۆسه‌كانی حه‌شد و پرۆسه‌كانی نه‌ینه‌وا بوون و ئه‌و هه‌نگاوه‌ له‌ چوارچێوه‌ی بڕیارێكه‌ بۆ ڕێگری كردن له‌ مانه‌وه‌ی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ ناو شار و له‌ ناو خه‌ڵكدا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، خال عه‌لی فه‌رمانده‌ی فه‌وجی لالشی حه‌شدی شه‌عبی له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ڕادیۆ نه‌وا سه‌باره‌ت به‌ ناسنامه‌ی ئه‌و لایه‌نه‌ی 27 پێشمه‌رگه‌ی هێزی پاراستنی ئێزدخانی له‌ شنگال ده‌ستگیر كرد وتی: "ئه‌وانه‌ سه‌ر به‌ پرۆسه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و پرۆسه‌كانی نه‌ینه‌وا بوون".

ناوبراو وتیشی: "بڕیارێک هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر ڕێكخراوێک كه‌ چه‌كی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و له‌ ژێر فه‌رمانی حكوومه‌تی عێراقدا نییه‌ له‌ ناو شنگال نه‌مێنن چوونكه‌ دۆخی ئه‌و شاره‌ هه‌ستیاره‌ و هێزی جۆراوجۆر له‌ شاره‌كه‌دان و هه‌ماهه‌نگیی سه‌ربازی و ئه‌منی له‌ شاره‌كه‌ كه‌مه‌".

خال عه‌لی ڕوونیشی کرده‌وه‌ له‌ ئێستادا هه‌ندێک چه‌كدار هه‌ن سه‌ر به‌ یه‌كینه‌كانی به‌رخۆدانی شنگال (یه‌به‌شه‌) و هه‌ندێكی‌تر سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی و هه‌ندێكیش سه‌ر به‌ پێشمه‌رگه‌ن به‌وهۆیه‌وه‌ ئامانجی ئه‌و بڕیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ نه‌هێڵرێت هیچ گرووپێكی چه‌كداری ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌ ناو خه‌ڵک و له‌ ناو شنگالدا بمێننه‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50538

Your Comment

You are replying to: .
captcha