شۆڕش حاجی: پارتی گوتی به‌ به‌شداریی گۆڕان ده‌توانین سیمای دووئیداره‌یی نه‌هێڵین

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕای‌گه‌یاند: "شاندی پارتی پێی گوتین به‌ به‌شداریی ئێوه‌ ده‌توانین سیمای دووئیداره‌یی نه‌هێڵین."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شۆڕش حاجی باسی له‌ ورده‌کاریی کۆبوونه‌وه‌که‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ 22ی کانوونی یه‌که‌می 2018ی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان کرد له‌باره‌ی پرسی به‌شداری کردن له‌ حکوومه‌ت یان بوونه‌ ئۆپۆزیسیۆن و ڕاشی‌گه‌یاند: گۆڕان مه‌رجی بۆ به‌شداری کردن یان نه‌کردن له‌ کابینه‌ی نۆیه‌می حکوومه‌ت هه‌یه‌ و "پاکێجێکمان ئاماده‌یه‌، ئه‌گه‌ر پارتی قبووڵی کرد به‌شدار ده‌بین و ده‌مانه‌وێت ڕۆڵی کاریگه‌ریشمان له‌ حکوومه‌تدا هه‌بێت".

شۆڕش حاجی سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری کۆتایی بۆ به‌شداری کردن له‌ حکوومه‌ت گوتی: "شاندی دانووستاندنکاری گۆڕان بڕیاری کۆتایی نادات، به‌ڵکوو دوابڕیار و دواقسه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ هه‌موو خوله‌کانی گفتوگۆ، کۆتاییه‌کانی ده‌هێنێته‌وه‌ به‌رده‌م جڤاتی نیشتمانی و له‌وێ بڕیاری لێده‌درێت".

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌و پۆستانه‌ی داوایان کردوووه‌ ئاشکرای کرد که‌ ئه‌وان به‌ ڕاشکاوی داوای پۆستی جێگری سه‌رۆکوه‌زیرانیان له‌ پارتی کردوووه‌ و ئامانجیشیان له‌ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ "بۆ چاکسازی و نه‌هێشتنی دوو ئیداره‌یییه‌."

شۆڕش حاجی ده‌شڵێت: "مه‌رج نییه‌ ژماره‌ی کورسی و ده‌نگه‌کان گوزارشت له‌ قورساییی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان بکات به‌ڵام بۆ پۆسته‌کان ئێمه‌ دوایین شت باسی پۆسته‌کانمان کردوووه‌، ئه‌وه‌نده‌ش باسی پۆست ده‌که‌ین تاوه‌کوو بتوانین له ‌ڕێگه‌ی ئه‌و پۆستانه‌وه‌ شه‌ریکی ڕاسته‌قینه‌ بین".

ناوبراو گوتیشی: "ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ حکوومه‌ت هی خه‌ڵک بێ، گوزه‌رانی خه‌ڵک باش بکات، شه‌فاف بێت و هێزی پێشمه‌رگه‌ بکرێته‌ هێزێکی نیشتمانی".

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50479

Your Comment

You are replying to: .
captcha