تره‌مپ هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی مه‌كگۆرک ئاشکرا ده‌کات

به‌شی جیهان- دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت: من برێت مه‌کگۆرک ناناسم و جه‌یمز ماتیسم دامه‌زراند که‌ باراک ئۆباما ده‌ریکردبوو.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، جه‌یمز ماتیس وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریکا و برێت مه‌کگۆرک نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریکا له‌ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی ده‌ژداعش که‌ له‌لایه‌ن باراک ئۆباما سه‌رکۆماری پێشووی ئه‌مریکاوه‌ ده‌ستنیشان کرابوون له‌ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌ بڕیاره‌که‌ی تره‌مپ بۆ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا ده‌ستیان له‌کار کێشایه‌وه‌.

دۆناڵد تره‌مپ که‌ به‌ وته‌ی هه‌ندێک له‌ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ به‌ بێ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ ڕاوێژکارانی خۆی بڕیاره‌که‌ی گرتوووه‌ و ئاوڕی له‌ هۆشداریی به‌رپرسانی سه‌ربازی و سیاسیی ئه‌مریکا نه‌داوه‌ته‌وه‌ هێشتاکه‌ سووره‌ له‌سه‌ر بڕیاره‌که‌ی و ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی دوو به‌رپرسی باڵای وه‌زاره‌تی به‌رگری و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا به‌ بابه‌تێکی که‌م‌بایه‌خ وه‌سف ده‌کات.

دۆناڵد تره‌مپ كه‌ به‌ توویته‌كانی گوزارشت له‌ سیاسه‌تی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات له‌باره‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریکا و برێت مه‌كگورک نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا له‌ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش توویتێکی بڵاو کرده‌وه‌.

ناوبراو له‌باره‌ی جه‌یمز ماتیسه‌وه‌ نووسیویه‌تی: "ده‌رفه‌تێكی دیكه‌م پێدایت كاتێک وه‌ک وه‌زیری به‌رگریی ده‌ستنیشانم كردیت، له‌ كاتێكدا باراک ئۆباما، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا به‌ شێوه‌یێكی ناشه‌ره‌فمه‌ندانه‌ ده‌ریكردبوویت، من ده‌رفه‌تێكی دیكه‌م به جه‌یمس ماتیس داوه‌، ئه‌و سه‌رچاوانه‌م بۆ دابین كرد كه‌ نه‌یبوو، ڕاسته‌ هاوپه‌یمانانمان زۆر گرنگن به‌ڵام ئه‌وكاته‌ نا كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ خۆیان به‌كار ده‌هێنن."

دۆناڵد تره‌مپ له‌باره‌ی برێت مه‌کگۆرکیشه‌وه‌ نووسیویه‌تی: "برێت مه‌كگورک، كه‌ من نایناسم، له‌لایه‌ن ئۆباماوه‌ له‌ 2015 ده‌ستنیشان كراوه‌، ده‌بوایه‌ له‌ مانگی شوبات/ فێبرایه‌ر پۆسته‌كه‌ی جێبهێڵێت. به‌ر له‌ جێهێشتنی پۆسته‌كه‌ی ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌، ته‌نها هه‌واڵی هه‌ڵبه‌ستراوه‌ پرسه‌كه‌یان گه‌وره ‌كردوووه‌ كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا شتێكی گرنگ نییه‌."

سه‌رۆكى ئه‌مریكا شه‌وی ڕابردووش له‌ کاردانه‌وه‌کان سه‌باره‌ت به‌ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانیان له‌ سووریا نووسیی: پلانى ئه‌وه‌مان هه‌بوو 3 مانگ له ‌سووریا بمێنینه‌وه‌ ئه‌وه‌ش پێش 7 ساڵ بوو به‌ڵام نه‌ڕۆشتین. له‌ كاتێكدا پۆستى سه‌رۆكایه‌تیم وه‌رگرت هێز و توندى داعش زیاترى ده‌كرد ئێستاش به ‌شێوه‌یێكى گه‌وره‌ به‌زێنراوه‌. كاتى ئه‌وه‌یه‌ وڵاتێكی‌تر وه‌کوو توركیا پاشماوه‌كانى ئه‌و ڕێكخراوه‌ به ‌ئاسانى له‌ناو ببات، ئێمه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ نیشتمان.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50478

Your Comment

You are replying to: .
captcha