شه‌ش سیناتۆری ئه‌مریکا له‌ نامه‌یێکدا بۆ تره‌مپ: بڕیاره‌که‌ت کورد ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌

به‌شی جیهان- شه‌ش سیناتۆری دیاری ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریکا نامه‌یێک ئاراسته‌ی دۆناڵد تره‌مپ ده‌که‌ن و له‌ ئه‌نجامه‌ "مه‌ترسیداره‌کان"ی کشانه‌وه‌ له‌ سووریا ئاگاداری ده‌که‌نه‌وه‌ به‌تایبه‌تیش باسی مه‌ترسییه‌کان له‌سه‌ر کورد له‌ سووریا ده‌که‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هه‌ریه‌ک له‌ لیندزی گراهام، جین شاهین، جۆنی ئێرنست، ئه‌نگه‌س کینگ، تۆم کۆتۆن و مارکۆ رۆبیۆ به‌ واژۆی خۆیان نامه‌یێکی هاوبه‌شیان ئاراسته‌ی دۆناڵد تره‌مپ کرد.

شه‌ش سیناتۆره‌که‌ ده‌ڵێن که‌ بڕیاری کشانه‌وه‌ له‌ سووریا جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌. ئه‌و هه‌نگاوه‌ له‌م کاته‌دا "هه‌ڵه‌یێکه‌ که‌ باجه‌که‌ی گه‌وره‌ ده‌بێ" نه‌ک ته‌نیا ئاسایش و سه‌قامگیریی ئه‌مریکا ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ به‌ڵکوو داعش به‌هێزتر ده‌کات.

وه‌ک شه‌ش سیناتۆره‌که‌ ئاماژه‌یان پێکردوووه‌ نه‌ک دوای کشانه‌وه‌ به‌ڵکوو ئێستاش هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا ژماره‌یان که‌مه‌ که‌ ده‌گاته‌ نزیکه‌ی دوو هه‌زار سه‌رباز و ڕاوێژکار له‌ باکووری سووریادا.

دۆناڵد تره‌مپ ده‌ڵێت: شه‌ڕی داعش له‌ سووریا کۆتایی هاتوووه‌ بۆیه‌ هێزه‌کانی وڵاته‌که‌ی ده‌کشێنێته‌وه‌ به‌ڵام شه‌ش سیناتۆره‌که‌ ده‌ڵێن "ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی له‌ سووریا هه‌یه‌ وێنه‌یێکی ته‌واو جیاوازه‌ له‌و بۆچوونه‌یه‌‌"، که‌ مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه‌ داعش کۆتایی نه‌هاتوووه‌.

شه‌ش سیناتۆره‌که‌ی ئه‌مریکا باس له‌ هاوئاهه‌نگیی هێزه‌کانیان له‌گه‌ڵ کورد له‌ باکووری سووریا ده‌که‌ن و ده‌ڵێن: پشتیوانیی سه‌ربازیی ئه‌مریکا بۆ کورد که‌ هاوبه‌شێکی گرنگه‌ له‌ شه‌ڕی دژی داعش ڕۆڵی کاریگه‌ری هه‌بوووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و جه‌نگه‌، ئه‌گه‌ر کورده‌ هاوبه‌شه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌که‌ پشتیوانیی واشنتۆن له‌ده‌ست بده‌ن، ئه‌وا ڕیسکی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش دروست ده‌بێ و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ کوردیش خۆیان به‌ده‌سته‌وه‌ بده‌ن و چیدیکه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا به‌رگریی نه‌که‌ن.

شه‌ش سیناتۆره‌که‌ خاڵێکی دیکه‌ به ‌بیر تره‌مپ ده‌هێننه‌وه‌ و ده‌ڵێن: "زیاد له‌وانه‌ش، سه‌دان چه‌کداری بیانی له‌لایه‌ن کورده‌ هاوبه‌شه‌کانمانه‌وه‌ به‌دیل گیراون و ڕیسکی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ئازاد بکرێن یان خراپتریش ڕوو بدات، له‌ حاڵه‌تی ئه‌وه‌ی پشتیوانییه‌کانمان ڕابگرین".

جگه‌ له‌ مه‌ترسیی به‌هێزبوونه‌وه‌ی داعش له‌ سووریا، شه‌ش سیناتۆره‌که‌ باس له‌ مه‌ترسیی به‌هێزبوونه‌وه‌ی سه‌رۆکی سووریاش ده‌که‌ن که‌ ئه‌وان به‌ "دیکتاتۆری دڵڕه‌ق" ناویان بردوووه‌.

لیندزی گراهام، جین شاهین، جۆنی ئێرنست، ئه‌نگه‌س کینگ، تۆم کۆتۆن و مارکۆ رۆبیۆ داوا له‌ تره‌مپ ده‌که‌ن به‌ بڕیاره‌که‌یدا بچێته‌وه‌ و هێزه‌کان له‌ سووریا نه‌کشێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێن "نابێ هه‌مان هه‌ڵه‌ی ئیداره‌ی پپێشوو دووباره‌ بکه‌یته‌وه‌ و ملکه‌چ بیت بۆ ئه‌و ئه‌کته‌ره‌ خراپانه‌".

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 19-12-2018 دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ئه‌مریکا له‌ توویته‌ری خۆی رایگه‌یاند "ئێمه‌ داعشمان له‌ سووریا تێکشکاندوووه‌ که‌ تاکه‌ هۆکاری مانه‌وه‌ی هێزه‌کانمان بوو له‌و وڵاته‌ له‌ ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی مندا".

له‌ په‌یامێکی ڤیدیۆییشدا دۆناڵد تره‌مپ رایگه‌یاند که‌ هۆکاری مانه‌وه‌یان له‌و وڵاته‌ داعش بوو به‌ڵام ئێستا سه‌رکه‌وتنیان به‌ سه‌ر ئه‌و ڕێکخراوه‌دا به‌ده‌ستهێناوه‌ و پێویسته‌ هێزه‌کانیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌مریکا.

به‌پێی زانیاریی میدیاکانی ئه‌مریکا، بڕیاره‌که‌ی تره‌مپ دوای ئه‌نجامدانی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆکی تورکیا دراوه‌ که‌ هه‌ینی رابردوو ئه‌نجامیان دا.

یه‌په‌گه‌ نیگه‌رانه‌ له‌ کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ باکووری سووریا به‌تایبه‌ت له ‌کاتێکدا که‌ تورکیا دوای کۆنترۆڵ کردنی عه‌فرین هه‌ڕه‌شه‌ی هێرش کردنه‌ سه‌ر شاری مه‌نبه‌جیش ده‌کات که‌ له‌ژێر ده‌ستی یه‌په‌گه‌دایه‌.

لێدوانی چوار له‌ سیناتۆره‌کان له‌باره‌ی بڕیاری کشانه‌وه‌ له‌ سووریا:

مارکۆ رۆبیۆ، سیناتۆری کۆمارییه‌کان: "ئه‌م به‌یانییه‌ ئیداره‌ی ئه‌مریکا خواستی خۆی بۆ کشاندنه‌وه‌ی هێزه‌کانی، نه‌ک ته‌نیا به‌شێکی زۆر، به‌ڵکوو کشانه‌وه‌ی هه‌موو هێزه‌کانی ئه‌مریکای له‌ سووریا راگه‌یاند. من ده‌مه‌وێت به ‌ڕوونی ئه‌وه‌ بڵێم که‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یێکی گه‌وره‌یه‌ و ده‌رئه‌نجامی زۆر خراپی بۆ ئه‌مریکا، بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانمان، بۆ هاوپه‌یمانه‌کانیشمان له‌ مانگ و ساڵه‌کانی داهاتوودا ده‌بێت".

جین شاهین، سیناتۆری دیموکراته‌کان: "بڕیاره‌که‌ی سه‌رۆکی ئه‌مریکا که‌ له‌ ڕێگه‌ی توویتێکه‌وه‌ راگه‌یێندرا مه‌ترسیداره‌ و پێنه‌گه‌یشتوووه‌، هه‌روه‌ها به‌ گشتی دژی ئه‌و ڕاستییانه‌ن که‌ له‌ سووریا هه‌ن، دژی ڕاوێژه‌ سه‌ربازییه‌کانمانن. ئێستا گوێم له‌ قسه‌کانی ئه‌م به‌یانییه‌ی سیناتۆری رۆبیۆ گرت که‌ باسی له‌ پلانه‌که‌ کرد، ئایا پلانه‌که‌ چییه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بکشێینه‌وه‌؟ من ده‌ڵێم پلانه‌که‌ چییه‌، هیچ پلانێک نییه‌. هیچ پلانێک نییه‌ جێبه‌جێ بکرێت، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ سووریا بکشێینه‌وه‌".

لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییه‌کان: "بۆ ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌ڵێن داعش له‌ سووریا تێکشکاوه‌، ئه‌مه‌ قسه‌یێکی ناڕاسته‌، ئه‌وان زیانیان پێگه‌یێندراوه‌ و لاواز کراون، هه‌روه‌ها من هه‌موو ره‌وایه‌تییێک به‌ سه‌رۆک کۆمار ده‌ده‌م بۆ گۆڕینی سیاسه‌تی ئێمه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین که‌ داعش له‌ سووریا و عێراق تێکشکێندرابێت. من به‌ر له‌ ئێستا له‌ ئه‌فغانستان گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌، دوو رۆژه‌ نه‌خه‌وتووم، به ‌ڕاستی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ ده‌نرخێنم که‌ توانیم سه‌ردانی هێزه‌کانمان بکه‌م و قسه‌ له‌گه‌ڵ جه‌نه‌راڵه‌کانماندا بکه‌م، به‌ڵام ئه‌وانیش دڵنیان که‌ داعش له‌ ئه‌فغانستان تێکنه‌شکاوه‌".

کریس مۆرفی، سیناتۆری دیموکراته‌کان: "ئێمه‌ ئه‌م کشانه‌وه‌مان راگه‌یاندوووه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی هیچ پرسیارێک بده‌ینه‌وه‌، بڕیاره‌که‌مان راگه‌یاند به ‌بێ ئه‌وه‌ی ستراتیژییه‌تێکی جێگره‌وه‌مان هه‌بێت. بێئاگایییێکی ته‌واو له‌لایه‌ن سه‌رۆک و هه‌روه‌ها تیمی ئاسایشی نیشتمانی هه‌یه‌. راگه‌یێندراوێک، بڵاوکراوه‌یێک له ‌ڕێگه‌ی توویته‌ره‌وه‌؟ به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئاماژه‌یێک به‌وه ‌بکرێت که‌ چۆن ئه‌مریکا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هه‌وڵه‌کانی بۆ هێشتنه‌وه‌ی ئاشتی".

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50425

Your Comment

You are replying to: .
captcha