هاوسەرۆکی پێشووی ئامەد دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد

بەشی تورکیا- بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە لەیلا گوڤەن، پەرلەمانتاری هەدەپە کە لە زیندان دەستی بە مانگرتن کردووە، گوڵتەن کشاناک، هاوسەرۆکی پێشووی ئامەد لە زیندان دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد.

کوردپرێس:

مانگرتنەکەی گوڵتەن کشاناک بەمەبەستی پشتیوانی­کردنە لە لەیلا گوڤەن، پەرلەمانتاری زیندانیکراوی هەدەپە و ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت.

لەیلا گوڤەن، پەرلەمانتاری هەدەپە 6ی 12ی 2018 دەستی بە مانگرتن کرد. بەو هۆیەش لە 15 شاری باکووری کوردستان پەرلەمانتاران و رێکخستنەکانی هەدەپە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە و چالاکییەکەی گوڤەن روو لە فراوانبوونە.

گوڵتەن کشاناک ئەو ساڵی 1961 لە خەرپێت لەدایکبووە. لە ماوەی ساڵانی 2007 بۆ2011 وەک بەربژێری سەربەخۆ بووەتە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لە ئامەد. ساڵی 2011- 2015یش لەسەر لیستی پارتی ئاشتیی و دیموکراتی (دەبەپە) بووەتە پەرلەمانتاری سێرت.

کشاناک کاتێک تەمەنی 19 ساڵان بوو لەئەنجامی کودەتای 12-9-1980 دەستگیرکراوە. دوای ئازادبوونی لەگەڵ هاوڕێکانی کاری رۆژنامەڤانی کردووە. لە هەڵبژاردنی 2014 لەگەڵ فورات ئانلی بوونەتە هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد.

لە 25-10-2016 بەتۆمەتی پێشێلکاری لە قسەکانی یەکێک لە کۆبوونەوەکانی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیدا کردووە، گوڵتەن کشاناک دەستبەسەرە و بڕیارە دادگایی بکرێت.

*لە تۆڕی میدیاییی ڕووداو وەرگیراوە

News Code 50377

Your Comment

You are replying to: .
captcha