لە هەرێمی كوردستان بازرگانی بە كرێكارانی بیانی دەکرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆكی رێكخراوی داكۆكی لە كرێكارانی بیانی دەڵێت لە كوردستان بازرگانی بە كرێكارانی بیانی، بە تایبەتی بە كچەكان دەكرێ و بە هەشت هەزار دۆلار بە بەغدا دەفرۆشرێن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەممەد هەژار، سەرۆكی رێكخراوی رۆشنبیری و داكۆكی كردن لە كرێكارانی بیانی كە رێكخراوێكی نێودەڵەوتییە، باسی كاری رێكخراوەكەیان بۆ رووداو دەكات و دەڵێت: "رێكخراوەكەمان لە دەستەیێكی پێنج كەسی پێكهاتووە، 27 لیژنەمان هەیە هەر یەكێكیان نوێنەری وڵاتێكن و خەڵكی ئەو وڵاتانەن. كێشەی كرێكارانی وڵاتەكەیان دەگەیێننە ئێمە و بەدواداچوونی بۆ دەكەین".

محەممەد هەژار دەڵێت توندوتیژی بەرامبەر كرێكارانی بیانی لە هەڵكشاندایە، زیاتر لە 170 حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر كرێكارانی بیانی تۆمار كراون. لەبارەی جۆری توندوتیژییەكانیش دەڵێت: "بریتین لە توندوتیژی سێكسی و جەستەیی. لێدان و سووكایەتی، یان پارە و نانیان نادەنێ، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی پاسەپۆرتەكانیان و كەم كردنەوەی رۆژەكانی پشوویان".

بەشێک لەو توندوتیژیانە بوونەتە كەیس و لە دادگاكانن. محەممەد هەژار دەڵێت: "تەنیا ئەمساڵ زیاتر لە 10 كێشەی كرێكارانی بیانیمان لە دادگا چارەسەر كردووە".

رێكخراوەكە لە كانوونی دووەمی 2014 مۆڵەتی وەرگرتووە. سەرۆكی رێكخراوەكە دەڵێت: "27 وڵات كرێكاریان لە هەرێمی كوردستان هەیە، ژمارەیان 22 هەزار كرێكارە، 65% یان پیاون و 35% یش ئافرەتن. كرێكارە پیاوەكان زۆرترینیان بەنگلادیشین، ئافرەتەكانیش نیپاڵی، دواتر ئەسیوپی و مالی".

كرێكاری ئەوروپیش لە هەرێمی كوردستان هەن، بەڵام محەممەد هەژار دەڵێ ئەوان وەكوو كرێكاری ئاسیایی نین و مافەكانیان گەرەنتی كراوە، ئینجا هاتوون بۆ كوردستان.

هەروەها دەڵێت: "كرێكارانی ئاسیایی و ئەفریقایی لە كوردستان مافیان پارێزراو نییە، كرێكار دەبێت 8 كاژێر كار بكات، بەڵام لێرە هەیانە رۆژانە 16 كاژێر كاردەكەن ئەمەش پێشێل كردنی مافەكانیانە".

سەرۆكی رێكخراوەكە پێیوایە لە هەرێمی كوردستان بۆشایی یاسایی بۆ پاراستنی مافی كرێكاران هەیە و دەڵێت: "لە هەر وڵاتێک سیستەم غایب بێت، شتی سەیر و سەمەرە روودەدات. لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە كە كرێكاری ناوخۆیی بێكارن، بەڵام 135 كۆمپانیا كرێكاری بیانی دێننە كوردستان".

ئەوەی زیاتر محەممەد هەژاری نیگەران كردووە، بازرگانییە بە كرێكارانی بیانی. ئەو دەڵێت "بازرگانی بە كرێكاری بیانی ئێستاش هەیە، كۆمپانیا هەیە تائێستا سێ‌ جار ناوی خۆی گۆڕیوە. بەڵگەمان هەیە كە بازرگانی بە كرێكاری كچی بیانی دەكات. لەماوەی رابردووشدا كچێكی نیپاڵیمان رزگار كرد كە چوار ساڵ بوو لە هەرێمی كوردستان فرۆشرابوو بە بەغدا".

سەرۆكی رێكخراوەكە دەشڵێ: "لەماوەی رابردوودا 10 ژنە كرێكاری بیانی لە هەرێمی كوردستان فرۆشرابوون بە بەغدا، بەڵام بەهەماهەنگی لەگەڵ ئاسایش نەمانهێشت لە هەولێرەوە ببرێنە بەغدا، هەریەكێكیان بە 8 هەزار دۆلار و زیاتریش فرۆشرابوون".

بە گوتەی محەممەد هەژار، زۆر كچی دیكە كە هێنراونەتە كوردستان، دواتر فرۆشراون بە كۆمپانیاكانی هێنانی كرێكار لە بەغدا و بەسرە "زانیاریمان لەبارەی ناوی سیانی كۆمپانیاكان و ناونیشانەكانیشیان لە بەغدا و بەسرە هەیە، بۆیە خەریكین ئەوانەش بگەڕێنینەوە".

بەشێک لە كرێكارانی بیانی لەڕێگەی قاچاخەوە دێنە هەرێمی كوردستان. سەرۆكی رێكخراوی رۆشنبیری و داكۆكی لە كرێكارانی بیانی دەڵێت ئەوانەی بەڕێگەی یاسایی دێن پشكنینی پزیشكی تەواویان بۆ ناكرێت و نەخۆشیش بڵاو دەكەنەوە: هەندێک لە كرێكارەكان بەتایبەت بەنگلادیشییەكان لەڕێگەی ئێرانەوە بە قاچاخ دێنە هەرێمی كوردستان. ئەوانەشی لە ڕێگەی فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكانەوە دێن پشكنینی پزیشكییان بەپێی ستانداری جیهانی بۆ ناكرێت، گەورەترین كێشەی ئێمە ئەوەیە كە پشكنینەكان لێرە گونجاو نین، بۆیە زۆر نەخۆشی بڵاو دەبێتەوە، بۆ نموونە ڤایرۆسی جگەر لە كوردستان هیچكات نەبووە، بەڵام بەهۆی خراپیی پشكنینە پزیشكییەكان، بڵاو دەبێتەوە".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 50367

Your Comment

You are replying to: .
captcha