شاندی پارتی سه‌ردانی یه‌کێتی و گۆڕان ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- گوته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی له‌ سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که بڕیاره‌‌ شاندی دانووستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان سه‌ردانی سلێمانی بکات و له‌گه‌ڵ یه‌کێتی و گۆڕان کۆ ببێته‌وه‌ و پارتی ده‌یه‌وێت پێش كۆتاییی ساڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن گوته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی له‌ سلێمانی ‌و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ تۆڕی میدیاییی ڕووداوی ڕاگه‌یاند: بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 18-12-2018 شاندی دانووستاندنكاری پارتی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ سلێمانی سه‌ردانی یه‌كێتی ‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بكات ‌و ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ش دوو خاڵی سه‌ره‌كییه‌ "یه‌که‌م؛ گه‌یاندنی كارنامه‌ی پارتییه‌ بۆ چوار ساڵی ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ یه‌كێتی ‌و گۆڕان، دووهه‌م؛ گفتوگۆ كردنی چۆنێتیی دابه‌ش كردنی پۆسته‌ سیادییه‌كانه‌ له‌ نێوان ئه‌و حیزبانه‌ی به‌شداری له‌ حكوومه‌ت ده‌كه‌ن."

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: "پارتی به‌و جۆره‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ‌و گۆڕان ده‌كات كه‌ پێش كۆتاییی ساڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت‌ ‌و ئاراسته‌ی گفتوگۆكانیش به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕوات، پێكهێنانی حكوومه‌تیش بكه‌وێته‌ ساڵی نوێوه‌."

گوته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی له‌ سلێمانی ‌و هه‌ڵه‌بجه‌ باسی له‌وه‌ش كرد که‌ له‌ به‌رنامه‌ی شاندی پارتیدا هه‌یه‌ ته‌نیا یه‌ک ڕۆژ له‌ سلێمانیدا بمێنێته‌وه و‌ "له‌و ڕۆژه‌شدا سه‌ردانی هه‌ریه‌ک له‌ یه‌كێتی ‌و گۆڕان بكات."

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: شاندی دانووستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتوون له‌ ئازاد به‌رواری، مه‌حموود محه‌ممه‌د، هێمن هه‌ورامی و فرسه‌ت سۆفی و سه‌ره‌تا شاندی دانووستاندنکاری پارتی له‌گه‌ڵ شاندی دانووستاندنکاری یه‌کێتی کۆ ده‌بێته‌وه‌ که‌ پێکدێن له‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی کارگێڕی مه‌کته‌بی سیاسی و بڕیاریشه‌ دواتر شانده‌که‌ی پارتی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش کۆ ببنه‌وه‌.

هه‌فته‌ی ڕابردوو شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر ئاستێكی باڵا له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو شاندی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆ بوونه‌وه‌ و به ‌قسه‌ی به‌رپرسانی پارتی و گۆڕان چه‌ند بابه‌تێكی هه‌ستیار و گرنگ قسه‌یان له‌باره‌وه‌ كراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ‌ و چۆنیه‌تیی به‌شدارییان.

پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تیی حیزبه‌که‌ی له‌ 3-12-2018دا نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و مه‌سروور بارزانیشی بۆ پۆستی سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ربژێر کرد.

له‌ هه‌ڵبژاردنی 2018ی په‌رله‌مانی کوردستان، پارتی به‌ به‌ده‌ستهێنانی 45 کورسی بوووه‌ براوه‌ی یه‌که‌می هه‌ڵبژاردنه‌که‌ و یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستانیش 21 کورسی به‌ده‌ستهێنا.

له‌ نێو ئه‌و حیزبانه‌ی کورسییان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان به‌ده‌ست هێناوه‌، ته‌نیا یه‌کگرتووی ئیسلامی و نه‌وه‌ی نوێ و حیزبی شیووعی خۆیان یه‌کلایی کردوووه‌ته‌وه‌ که‌ به‌شداری له‌ حکوومه‌ت ناکه‌ن، ئه‌وانی دیکه‌ چاوه‌ڕێی پارتی ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دانووستاندنه‌کانی گفتوگۆی پێکهێنانی حکوومه‌ت ده‌ست پێبکات.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50359

Your Comment

You are replying to: .
captcha