کوردپرێس:
جەیمس جێفری، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا گوتوویەتی: "ئێمە پەیوەندییێکی هەمیشەییمان لەگەڵ ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان نییە، ئەمە سیاسەتی ئەم ئیدارەیە نییە و هەروەها سیاسەتی ئیدارەکانی دیکەش نەبووە، ئەگەر باس لە پشتیوانییێکی درێژخایەنی سەربازی و سیاسی بکرێت، ئەوە ئەو شتە نییە کە ئێمە دەیکەین. بۆیە لە ئایندەیێکی دووردا چارەسەر بۆ هەموو گرووپەکانی سووریا ئەوەیە ئەگەر حکومەتێک پێکهات و ئاگربەستێکی پشتیوانلێکراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەبوو لە پرۆسەیێکی نێودەوڵەتیدا ئەو کاتە دەرفەت بۆ هەموو لایێک دەبێت کە لە ئاشتیدا بژین."
جەیمس جێفری لەبارەی پشتیوانی­کردنی ئەمریکا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات و هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرش کردنە سەر ئەو هێزانە گوتی: بەر لە هەموو شتێک، ئێمە پشتیوانیی ئەوان (هەسەدە) دەکەین بۆ ئامانجێکی دیاریکراو کە تێکشکاندنی داعشە چوونکە ئەوان هێزێکن کە شەڕی داعشیان کردووە و بەشێوەیێکی کاریگەرانەش ئەنجامیان داوە، ئەوە لە بەرژەوەندی ئەوانە کە شەڕی داعش بکەن و ئەوە بۆ ئێمەش گرنگە، ئەوان بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان ئەوە ئەنجام دەدەن. ئەگەر بیرمان بێت یەکەم جار لە کۆبانێ بوو، لە 2014ـەوە لەسەر سنوورەکانی تورکیا بوو.
ناوبراو زیادی کرد: سەبارەت بەوەش کە داهاتوو چۆن دەبێت، وەک زۆر لە ئێوە ئاگادارن (چوونکە بەشێکتان بۆ چەندین ساڵ چاودێریی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستان کردووە) ئێمە پشتیوانیی چەند گرووپێکمان کردووە؛ وەک پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق لە ماوەی 1991 بۆ 2003، ئەمەش لە ڕێگەی هەوڵی سیاسییەوە بۆ ئەوەی کاتێک رژێمی عێراق گۆڕانی بەسەرداهات ئامادە بن، ئەمە بەشێک بووە لە مامەڵەیێکی پەیوەندیی بۆ ئامانجێکی دیاریکراو کە ئێمە چی دەکەین؟
نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا گوتیشی: "هەوڵدەدەین حکوومەتی عێراق و هەروەها کۆمەڵگەیێک و دەستوورێک دابمەزرێنین کە رێگە بەم پارتە سیاسییانە و هەروەها پارتە سیاسییەکانی دیکەش بدات بۆ ئەوەی بەشێوەیێکی ئاشتییانە و ئاساییانە رکابەری یەکدی بکەن بەبێ هەبوونی ئەو مەترسییە کە لەسەردەمی سەددام هەبووە. ئامانجی کۆتاییش لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەوەیە کە لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی دیکە کە ئێمە پشتیوانیمان کردوون، لەگەڵ ئەو پارتانەش کە تورکیا و هەروەها وڵاتانی دیکەش پشتیوانییان دەکەن، ببن بەشێک لە گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەی سووریا."
سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئەردۆغانیش بۆ هێرشکردنە سەر سووریا جەیمس جێفری گوتی: ئێمە پێمان وایە کە هەر هێرشێک بۆ سەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن هەر کێ-وە بێت، بیرۆکەیێکی خراپە. ئەوەش ئەو هەڵوێستە بووە کە کاتێک لە ئەنقەرە بووم بە هەموو کەسێکم گەیاندووە بە سەرۆکیشەوە (ترەمپ). لە هەمان کاتدا ئێمە لەوە دەگەین کە تورکیا نیگەرانی دۆخی ئاسایشی باکووری رۆژهەڵاتی سووریان، ئەوان پەیەدە وەک هەڕەشەیێک بۆسەر خۆیان دەبینن، وەک چۆن ئیسرائیلییەکان لەسەر سنوورەکانیان حیزبوڵڵا وەک هەڕەشەیێک دەبینن، وەک چۆن سعوودییەکان حووسییەکان لە نزیک سنوورەکانیان بە هەڕەشە دەبینن، دەبێت ئەمە بەهەند وەربگرین، کە بەهەندمان وەرگرتووە و لەگەڵ تورکیا کار دەکەین و بڕوامان وایە کە دۆخەکە بەراورد بە پێشتر ئارام بووەتەوە.
جەیمس جێفری، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا سەبارەت بە چوونی پێشمەرگەی ڕۆژ بۆ سنوورەکانی سووریا گوتی: پێشمەرگەی رۆژ بە ئاگاداریی ئەمریکا و هێزەکانی هەسەدە بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە چوونەتە سەر سنوورەکان.
لە وەڵامی پرسیارێكی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی چوونی پێشمەرگەی رۆژ بۆ رۆژئاوای کوردستان، جەیمس جێفری گوتی "جێگیرکردنی پێشمەرگەی رۆژئاڤا لەسەر سنوورەکان بە ئاگاداریی ئێمە و هەروەها بە ئاگاداریی هێزەکانی سووریای دیموکرات بووە".
جەیمس جێفری راشیگەیاند، ئەمریکا بۆ یێک ئامانجی تایبەت هاوکاریی هەسەدە دەکات ئەویش لەنێوبردنی داعشە.
پێشمەرگەی رۆژ كە لە لایەن پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانەە مەشقیان پێ کراوە، لەگەڵ كاروانێكی ئەمریكی چوونەتە ناوچەكانی كوردستانی سووریا، هێزەكە لە 100 پێشمەرگە پێكدێن و بە دوو وەجبە دەچن، بەڵام دیار نییە دەمێننەوە یان دەگەڕێنەوە.
وەجبەی یەكەمی ئەو هێزە كە 50 پێشمەرگە بووە، لەگەڵ نزیكەی 100 بارهەڵگر و شەش ئۆتۆمبێلی هێزەكانی ئەمریكا، شەوی یێکشەممە بە رێگەی گوندی وەلیدیە پەڕیونەتەوە کوردستانی سووریا.
سەرچاوەیێکی بەرپرس لە هێزی پێشمەرگەی رۆژ بە (رووداو)ی راگەیاند "100 پێشمەرگە لە هێزەكانمان ئاگادار كرانەوە كە بچینە کوردستانی سووریا، شەوی رابردوو لەگەڵ هێزێكی ئەمریكی چووین، بەڵام دیارنییە لەوێ دەمێنینەوە یان نا".
هێزی رۆژ كە سەر بە فەرماندەیی زێرەڤانییە، ژمارەیان نزیكەی 10 هەزار پێشمەرگە دەبێ و 90%یان خەڵكی کوردستانی سووریان. ئەو هێزە چەند جارێك ویستوویانە بچنەوە کوردستانی سووریا، بەڵام لەلایەن یەپەگەوە رێگەیان پێنەدراوە.
Your Comment