لە ڕێککەوتنەکەی پارتی لەگەڵ ڕەوتی سەدر و سونەکان نە باسی کەرکووک کراوە و نە ناوچە دابڕێنراوەکان و نەک جێبەجێ کردنی مادەی 140

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕێزان شێخ دلێر ڕاوێژکاری ماکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا باسی لەوە کرکە حزبەکەی مکووڕە لەسەر بەدەست هێنانی پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق و ئامانجی پارتی لە تەئکید کردن لە کاندید بوونی هۆشیار زێباری گەڕانەوەی ئیعتیباری لەدەست چووی ناوبراو و هاوکات جەختی کردەوە لە ڕێککەوتنەکەی پارتی لەگەڵ ڕەوتی سەدر و سونەکان نە باسی کەرکووک کراوە و نە ناوچە دابڕێنراوەکان و نەک جێبەجێ کردنی مادەی 140.

ڕێزان شێخ دلێر لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی ئەوەی کە بە باوەڕی ئەو کاندیدی سەرۆک کۆمار دەبێ بە تەوافوق بێت یا خود ژمارەی کورسییەکان، وتی: بە تەئکید هەموومان ئەمە دەزانین کە کێشەکانی ئێستای عێراق بەهۆی فرەنەتەوەیی لەو وڵاتە. ئەحزابە سیاسییەکان زۆر زۆرن و هەر یەکێک لەو حزبە سیاسییانە بەداخەوە ئەبێت بڵێم بەشی سەربازییان هەیە کە ئەمەش کێشەیێکی یەکجار گەورەیە. کەواتە زۆربەی زۆری ئەو حزبانەی کە تا ئێستا لەسەر ئاستی عێراق ئیشیان کردووە لە دوای 2003وە ناتوانن ببنە موعارزە لەبەر ئەوە ئەبێت هەموو پێکەوە (حزبە کۆنەکان دەڵێم، نەک ئەوانەی کە تازە دروست بوون) تەوافوق بکەن.

ڕێزان شێخ دلێر لەبارەی کاندید کردنەوەی بەرهەم ساڵح، ڕایگەیاند: بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ئیشێکی باشی کردووە توانیویەتی بەم هەموو کێشمە کێشە سیاسییەی ناو عێراقدا هەیە بە ڕێکی وەزعەکە ڕابگرێت؛ کەسێکیش لەو دۆخەدا توانیویەتی بە توانا بێت و عێراقی بەرەو دۆخێکی باش ببات بۆچی پاڵپشتیی نەکەین و کەسێک بێنین کە توانای لەو کەمتر بێت.

ناوبراو لەبارەی ئەوەی کە یەکێتی جەختی لەسەر کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح هەیە یاخود ئەگەری گۆڕینی کاندید لەئارادایە، ڕایگەیاند: ئێمە هەتا ئێستا سوورین لەسەر کاندید کردنی بەڕێز دکتور بەرهەم ساڵح وەکوو ئەوەی ئەڵێم بۆ حزبی خۆمان باشترین کاندیدە بۆ ئەم پۆستە. سەبارەت بە ئایندەی پارتی و یەکێتی زۆر زۆر ئاساییە کە ئێمە دەزانین ئێمە نەبووین کە ماڵی کوردیمان تێک داوە ئەوان چوون تەحالوفیان لەگەڵ سیادە کردووە و سەدر وو ئێمە نەبووین. لەبەر ئەمەش هەر تێک چوونێک لەناو هەرێمی کوردستان ڕووبدات سەبەبەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانە نەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

ڕێزان شێخ دلێر لەبارەی ئەوەی کە هۆکاری چییە کە پارتی مکووڕە لەسەر کاندید کردنی هۆشیار زێباری و ئایا ئەم بابەتە پێوەندیی بە ئامانجی پارتیەوە بۆ بەدەست هێنانی پۆستی پارێزگاری کەرکووک هەیە، وتی: ئەوندەی ئێمە بزانین بەپێی ئەو ئتفاقە سیاسییە کە ئەو کردوویەتی تەنها لەگەڵ ئەو لایەنانەدا. ئەو ویستوویەتی سەرۆک کۆمار بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە بەتایبەتیش هۆشیار زێباری بێت چوونکە ئێمە ئەزانین دۆسیەی گەندەڵی لەسەر بووە لە پێشترا لە بەر ئەمەش لە ناو پەرلەماندا ئیقالە کراوە ئەمەش ئیهانەیێکی گەورە بووە بۆ خۆیان بۆ خێزانەکەیان بەتایبەت خێزانی بارزانی، لەبەر ئەوەی کە ویستوویانە بە هەر شێوەیەک ئەو پۆستە بۆ ئەو بگەڕێننەوە. ئێمە ئەمەش دەزانین لەو ڕێککەوتەدا کە کردوویانە بە هیچ شێوەیەک نە باسی کەرکووکیان کردووە نە باسی هیچ ناوچەیێک لە ناوچە دابڕێنراوەکانیان کردووە نەک باسی جێبەجێ کردنی مادەی 140یان کردووە. ئایندەی کەرکووکیش بەسراوە بە هەڵبژاردنەوە و هەموومان ئەوەمان دەوێت کە پارێزگارێکی کورد هەڵبژێردرێت و ئەو کەسەش بە پێی کورسیەکانیش بووبێت پشکی یەکێتییە لەبەر ئەمەش مافی یەکێتییە کە پارێزگاری کەرکووک لە خۆی بێت.

ڕێزان شێخ دلێر لەبارەی چارەنووسی کەرکووک لەئەگەری سەرکەوتنی هەر یەک لە کاندیدەکان چ پارتی بێت یان یەکێتی جەختی کردەوە: داهاتووی کەرکووک زۆر لەمە گرینگترە کە کام لەم بەربژێرانە بتوانن ئیشی بۆ بکەن، داهاتووی کەرکووک پێویستی بەمەیە کە جارێکی تر ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵبژێردرێتەوە و ئەمەش داهاتووی کەرکووک دیاری دەکات. کەوابوو مەسیری کەرکووک دوای هەڵبژاردنی پارێزگاکان دیاری ئەکات بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشە ئەو کێشانەی کە ئێستا لە کەرکووکە زۆر قورسە و ئەوندە ئاسان نین کە هەر بە پارتی یان یەکێتی چارەسەر بکرێت.

ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی یەکتی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و موناقیشە لەسەر یەک بازنەیی بوون یا فرەبازنەیی بوون وتی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گرینگە و یەکێتی سوورە لەسەر ئەنجام دانی بەڵام بە مەرجێک وەکوو ئێستا یەک بازنەیی نەبێت و لە ئێستادا یەکێتی داوای ئەوە دەکات کە بکرێتە هەشت بازنە و ئەم هەشت بازنە بۆ هەموو لایەنەکان باشترە نەک ئەوەی کە بە یەک بازنەیی بمێنێتەوە و بەرنامەی یەکێتی و هەموو حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەدەر لە پارتی هەر ئەمەیە و بەم شێوەیە ڕازین.

دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان

News Code 5035

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha