کوردپرێس:
نیکۆلاس هراس توێژەری کاروباری ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگای نیو ئەمریکەن سیکیوریتی بە هەواڵنێری بەشی نێودەوڵەتیی کوردپرێسی وتووە ئەمریکا لەو سەرکەوتنانەی لە سووریا مسۆگەری کردوون منەتباری کوردە و هەر بەو بۆنەیەشەوە ئەگەرچی لە ناتۆدا هاوپەیمانی تورکیایە بەڵام لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا پشتی کوردی بەر نەداوە.
باکووری سووریا و ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات کە ئێستا بە دەست کوردەوەیە و بە سیستەمی خۆسەری بەڕێوە دەبرێت دۆخێکی ئاڵۆز و نادیار تێدەپەڕێنێت. دەوڵەتی دیمەشق بەردەوامە لە پێشڕەوی کردن بەرەو ئەو ناوچەیە. ئەمریکا دیار نییە لە سووریا چی دەکات و هەڵوێستی چییە. تورکیا هەڕەشەی کردووە کە بۆ جاری دووهەم هەڵدەکوتێتە سەر کورد و ناوچە کوردنشینەکان. شەڕی داعش بەردەوامە... هەموو ئەمانە وای کردووە چارەنووسی کورد و ناوچە کوردنشینەکان ناڕوون بێت
ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس مەبەستیەتی تەرکیز بکاتە سەر تەوەری ناوچە کوردنشینەکانی سووریا و بەو مەبەستەش نێکۆلاس هراسی دوواندووە کە توێژەرێکی کاروباری ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە پەیمانگای نیو ئەمریکەن سیکیوریتی. ئەو چاودێرە ئەمنییەش بڕوای وایە دۆخەکە بۆ کورد و چارەنووسی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا دۆخێکی ئاڵۆز و ناڕوونە.
نیکۆلاس هراس لەبارەی هۆکاری ناڕوون بوونی دۆخی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی وتووە: "باکووری سووریا ناوچەیێکی فرەڕەنگە و جەماوەری دانیشتووی ئەو ناوچەیە لە چەندین پێکهاتەی جیاواز پێک هاتوون و دەمێکە کورد و عەرەب لەو ناوچەیەدا گرفتی قووڵیان لەگەڵ یەک هەیە. هەروەهاش ئەو ناوچەیە مەکۆیێکی ئەمن و نشینگەی پەکەکەیە کە حافز ئەسەد سەرۆکی پێشووی سووریا پشتگیریی دەکردن و هانی دەدان بۆ ئەوەی لە خاکی سووریاوە هێرش بکەنە سەر تورکیا."
ناوبراو باسی مکوڕبوونی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر کوردی سووریای کرد و بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: تورکیا نیگەرانە لەوەی ئیدارەیێکی خۆسەر لە باکووری سووریا دابمەزرێت و کورد دەسەڵاتی تێیدا هەبێت و عەرەبیش لەگەڵ تورکیایە. ئەو بابەتەش دۆخێکی خولقاندووە کە نە تورکیا و نە عەرەبەکانی سووریاش بڕوا ناکەن کە پەکەکە و پێزی سووریای دیموکرات (SDF) پێوەندییان لەگەڵ یەکتر نەبێت. ئەگەرچی ئەمریکاش و هێزی سووریای دیموکراتیش هەوڵی زۆریان داوە بیسەلمێنن کە هێزی کوردی سووریا پێوەندیی لەگەڵ پەکەکە نییە. ئەمریا دەوریەی هاوبەشی لەگەڵ هێزی سووریای دیموکرات کردووە بەکرداری وەکوو لقێکی هێزەکانی خۆی مامەڵەی لەگەڵ ئەو هێزانە کردووە. ئەگەرچی تورکیا هاوپەیمانێکی ئەمریکایە لە ناتۆ بەڵام ئەمریکا لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا هاوپەیمانی کوردی سووریا بووە.
ئەو توێژەرەی کاروباری ئەمنیی پەیمانگای نیوئەمریکەن سیکیوریتی لە دیمانەکەی خۆی لەگەڵ کوردپرێس دووپاتی کردەوە کە ئەو سەرکەوتنانەی ئەمریکا لە سووریا مسۆگەری کردوون دەستڕەنجی خەبات و گیانفیداییی هێزی کوردی سووریا بووە و بە بێ هێزی سووریای دیموکرات کە کورد سەرکردایەتیی دەکات ئەو هەموو سەرکەوتنە مسۆگەر نەدەبوو. ئەمریکاش لە بەرانبەردا ڕایگەیاندووە کە هێزی ئەمریکی بەردەوام پشتگیریی هێزی سووریای دیموکرات دەکات و لەگەڵی دەبێت و ئەوەش بەو مانایە دەبێت کە هەر چەشنە هێرشێک بکرێت سەر ئەو هێزە کوردییە ئەوا هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
دوکتور هراس سەبارەت بە هەڵوێستی ئەورووپا بەرانبەر بە هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ هێرش کردن وتی: ئەورووپا بەردەوام لەوە دەترسێت کە ئەردۆغان سنوور بکاتەوە و ڕێگە بدات هەزاران ئاوارەی سووری بە لێشاو بەرەو وڵاتانی ئەورووپی هورووش بەرن هەر بۆیەش لە بابەتی هەڕەشەکانی ئەردۆغان هەڵوێستی کۆنسێرڤاتییانەی نواندووە.
Your Comment