که‌مال که‌رکووکی: پێویسته‌ پارێزگارێکی بێلایه‌ن بۆ که‌رکووک دابندرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی که‌رکووک ڕای‌گه‌یاند که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی بگه‌ڕێته‌وه‌ که‌رکووک و بارودۆخ ئاسایی بکرێته‌وه‌ و جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ تا ئێستا نه‌جمه‌ددین که‌ریم پارێزگاری شه‌رعی که‌رکووکه‌ و پێشی وایه‌ که‌ تا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت پێویسته‌ که‌سێکی بێلایه‌ن پۆستی پارێزگاری که‌رکووک وه‌ربگرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، که‌مال که‌رکووکی له‌ لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆچوونمان ئه‌وه‌یه‌ که‌ بارودۆخه‌که‌ ئاسایی بێته‌وه‌ و حوکمی مه‌ده‌نی له‌ که‌رکووک بێت و سوپا له ‌ناو شار نه‌بێت و ئه‌و چه‌کداره‌ زۆره‌ی له‌ که‌رکووک هه‌یه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنی خۆیان و ناو شاره‌که‌ ڕاده‌ستی پۆلیس بکرێت و سه‌رجه‌م پێکهاته‌کان ڕۆڵی خۆیان ببینن به‌پێی ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی له‌ ئه‌نجومه‌ن دیاری کراوه‌".

که‌مال که‌رکووکی گوتیشی: "دوای ئه‌وه‌ی دۆخه‌که‌ ئاسایی کرایه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بگه‌ڕێته‌وه‌ شوێنی خۆی و تا ئێستاش به‌ شێوه‌یێکی یاسایی، دکتۆر نه‌جمه‌ددین که‌ریم پارێزگاری شه‌رعی که‌رکووکه‌ و ئه‌گه‌ر خۆی نه‌یه‌وێت به‌رده‌وام بێت ئه‌وا ده‌بێت ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی خۆی پێشکه‌شی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک بکات و بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت".

ناوبراو له‌باره‌ی بۆچوونی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌سه‌ر پۆستی پارێزگاری که‌رکووک گوتی: "بۆچوونی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌م باردۆخه‌ی ئێستا تا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێتکه‌سێکی بێلایه‌ن پۆستی پارێزگاری که‌رکووک به‌ڕێوه ‌ببات، که‌رکووک بۆ هه‌موو پێکهاته‌ و لایه‌نه‌کانه‌ و ده‌مانه‌وێت له‌وێ یاسا سه‌روه‌ر بێت و هه‌موو لایێک بێ گرفت بژین چوونکه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه ‌نین که‌ ئه‌م پۆسته‌ بۆ یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان بێت به‌ڵکوو پێویسته‌ یه‌کێکی شایسته‌ی بۆ دابنرێت و پێموابێت هه‌موو لایه‌نه‌کان و پێکهاته‌کان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کۆکن که‌ پارێزگارێکی بێلایه‌نی به‌توانا خزمه‌تی شاره‌که‌ بکات به‌پێی ده‌ستوور".

ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "که‌رکووک بارودۆخێکی خراپی به‌سه‌ردا هات له‌لایه‌ن باڵێکی خیانه‌تکاری ناو یه‌کێتی که‌ بوونه‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته‌ دروست بێت و له‌ که‌رکووک خه‌ڵک کوژرا، کێ هۆکار بوو؟ بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌کوو پارتی ده‌مانه‌وێت هه‌موو خه‌ڵکی که‌رکووک به‌ ئارامی بژین و ئاسایش به‌رقه‌رار بێت و ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ی سه‌رپێچی یاسایی کرد دادگایی بکرێت".

که‌مال که‌رکووکی له‌باره‌ی بارودۆخی هه‌رێمی کوردستان و گفتوگۆی لایه‌نه‌کان له‌سه‌ر پێکهێنانی کابینه‌ی نۆیه‌می حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌ڵێت "پارتی زۆرترین کورسی په‌رله‌مانیی به‌ده‌ست هێناوه‌ له‌سه‌ر ئاستی کوردستان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئیستا لیژنه‌یێکمان هه‌یه‌ بۆ دیالۆگ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان و ته‌مه‌ننا ده‌که‌ین که‌ زوو حکوومه‌ت پێکبێت و ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌نێکیش به‌پێی قه‌باره‌ی خۆی به‌شدار ده‌بێت، ئێمه‌ پێمان خۆشه‌، ڕێز له‌ ئیراده‌ی خه‌ڵکی کوردستان ده‌گرین که‌ به ‌قه‌د 45 کورسی ده‌نگیان به‌ پارتی داوه‌ و ڕێز له‌و خه‌ڵکه‌ش ده‌گرین که‌ ده‌نگیان به ‌لایه‌نه‌کانی دیکه‌ داوه‌".

له‌ حکوومه‌تی نوێی عێراقدا له‌ کۆی هه‌شت وه‌زاره‌تی یه‌کلایی نه‌بۆته‌وه‌، چوار وه‌زاره‌تیان کێشه‌یان هه‌یه‌ و ده‌نگۆ له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی داد و کۆچ و کۆچبه‌ران هه‌یه‌ که‌ له‌ نێوان پارتی و یه‌کێتی یه‌کلایی نه‌بوووه‌ته‌وه‌ و ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌و پۆستانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای خاڵ به‌پێی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن دابه‌ش ده‌کرێت و یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان خاڵه‌کانی خۆی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رکۆمار به‌کار هێناوه‌ و ده‌شڵێت: "پێویست ناکات ئێمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌سه‌ر به‌غدا قسه‌ بکه‌ین، چوونکه‌ ئه‌و عورفه‌ی هه‌بوو له‌ لایه‌ن یه‌کێتییه‌وه‌ شکێندرا، ئه‌وان خاڵه‌کانی خۆیان بۆ پۆستی سه‌رکۆمار به‌کار هێناوه‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی به‌غدا قسه‌مان کردوووه‌ و پشتگیری له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌که‌ین که‌ به‌ عه‌داله‌ته‌وه‌ پۆسته‌کان دابه‌ش بکات".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50326

Your Comment

You are replying to: .
captcha