ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ: هه‌سه‌ده‌ هه‌جینی کۆنتڕۆڵ کرده‌وه‌

به‌شی سووریا- به‌رپرسی ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ كه‌ ناوه‌نده‌كه‌ی له‌ به‌ریتانیایه‌ ڕای‌گه‌یاند که‌ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات شارۆچكه‌ی هه‌جینی پارێزگای دێره‌زووریان له‌ داعش پاک کردۆته‌وه‌ به‌ڵام سه‌رچاوه‌كانی نزیک له‌و هێزه‌ ئاماژه‌ به‌وه ‌ده‌ده‌ن كه‌ داعش دواهه‌ناسه‌كانی له‌ شارۆچكه‌كه‌ و ده‌وروبه‌ری ده‌كێشێت و له‌ یه‌ک دوو ڕۆژی داهاتوودا كۆتایی هاتنی ئه‌و شه‌ڕه‌ ڕاده‌گه‌یێنن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی هه‌ینی 14ی کانوونی یه‌که‌می 2018 ڕامی عه‌بدولڕه‌حمان به‌رپرسی ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ هه‌واڵی كۆنتڕۆڵ كردنی شارۆچكه‌ی هه‌جینیان له‌لایه‌ن شه‌ڕڤانانی هه‌سه‌ده‌ بڵاو كرده‌وه‌.

شارۆچكه‌ی هه‌جینی سه‌ر به‌ پارێزگای دێره‌زوور كه‌ كه‌وتوووه‌ته‌ نزیک سنووری سووریا و عێراق به‌ دوایین قه‌ڵای داعش له‌ ناوچه‌ داده‌نرا و له‌ مانگی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵه‌وه‌ شه‌ڕڤانانی هه‌سه‌ده‌ به ‌پاڵپشتیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ هه‌وڵی پاككردنه‌وه‌ی شارۆچكه‌كه‌ و ده‌وروبه‌ریدان له‌و ڕێكخراوه‌یه‌ که‌ 17 هه‌زار هێز له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا به‌شدار بوون و له‌ ئه‌نجامدا لانی‌که‌م 900 چه‌کداری داعش کوژران.

ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌کانی مرۆڤ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات که‌ له‌ پێکدادانه‌کانی نێوان هه‌سه‌ده‌ و داعش له‌ ناوچه‌ی ستراتێژیکی هه‌جین له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌یره‌زوور 500 هێزی سوپای سووریای دیموکرات و 320 هاووڵاتی مه‌ده‌نی کوژران.

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆ نه‌وا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50275

Your Comment

You are replying to: .
captcha