کوردپرێس
فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەنراوێكدا بۆردومانە بەردەوامەكانی وڵاتی توركیای بۆ سەر زەوی و زاری عێراق شەرمەزار كردو بە پێشێلكارییەكی ئاشكرای دانا بۆ سەروەری عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەكان، داواش لە حكوومەت و وەزارەتی دەرەوەی عێراق كرد كە بانگهێشتی باڵیۆزی توكیا بكەن و فشاری ئابووری بخەنە سەر ئەو وڵاتە بۆ راگرتنی ئەو دەستدرێژی و پێشێلكارییانە بۆ سەر سەوەریی خاكی عێراق.
فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە پێویستە یەكێك لەو رێوشوێنانە بانگهێشت­كردنی باڵیۆزی توركیا بێت لە بەغداو پێدانی یاداشتێكی ناڕەزایی رەسمی و پێشكەش­كردنی سكاڵا بێت لە ئەنجومەنی ئاسایش لەو بارەیەوە، حكوومەتی عێراقیشی ئاگادار كردووەتەوە كە دەتوانێت كارتی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەناردەی نەوت لەو وڵاتەوە و داهاتە داراییەكانی وەك فشار بەكاربهێنێت و پەیمان و دەستەبەری رەسمی لەو وڵاتە وەربگرێت بە دووبارە نەكردنەوەی ئەو دەستدرێژییانە بۆ سەر سەوەریی عێراق .
لەبەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا، بۆردوومانەكانی وڵاتی توركیای بۆ سەر زەوی و زاری عێراق بە بیانووی دەركردنی ئۆپۆزسیۆنی چەكداری وڵاتەكەی بە توندی رەت كردەوە و شەرمەزاری كردووە و جەختیشی كردەوە ئەم رەفتارانە دژی بەها و بنەماكانی دراوسێیەتیی باش و نەریت و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بەڕێزگرتنی سەروەریی وڵاتانە و نابێت لە ژێر هیچ بیانوویێكدا پێشێل بكرێت بەبێ بڕیارێكی نێودەوڵەتی یاخود رێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا، داواشی لە حكوومەتی عێراق كردووە سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژی و پێشێلكارییانە بۆ سەر سەروەریی وڵاتەكەی دابنێت كه دەستوور جەختی لەسەر كردووە و رێوشوێنی گاریگەر بگرێته بەر دژی وڵاتی توركیا.
فراكسیۆنی یەكێتی داواش لە حكوومەتی توركیا دەكات كۆتایی بەكێشەكانی لەگەڵ کورد بهێنێت بە شێوازێكی ئاشتییانە و دیموكراسی دوور لەو توندوتیژی و هێز و كردە سەربازییانەی كە بووەتە هۆی كەوتنەوەی زیانێكی زۆری ماڵی و مرۆڤی بەدانیشتووانی گوندە سنوورییەكان.
*لە میللەت پرێس وەرگیراوە
Your Comment