بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرپرسانی تورکیا لەوان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندووە سوپای وڵاتەکەیان ئامادەیە هێرشێکی بەربڵاو بۆ سەر هێزە کوردەکانی سووریا لە ناوچەی ژێر کونترڵی ئەو هێزانەدا لە ڕۆژهەڵاتی فورات ئەنجام بدەن.
مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕاگەیاند: بە توندی وەڵامی هەر هێرشێکی تورکیا دەدەنەوە، کە دەکرێتەوە سەر شەڕڤانانیان.
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە ئەمریکا بەجددی هەوڵی داوە ڕێگە لە تورکیا بگرێت هێرش نەکاتە سەر چەکدارە کوردەکان، بەڵام پێویستە ئەمەریکا هەوڵی زیاتر بدات.
ناوبراو باسی لەوەش کردووە، لە رێگەی پەیوەندیە دیبلۆماسییەکانیانەوە بەردەوامن لەوەی ئەو هێرشانە ڕابگرن.
مەزڵۆم کۆبانی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر تورکیا لە هێرشەکانی بۆ سەر شەڕڤانان بەردەوام بێت هەسەدە ناتوانێت بەردەوامی بدات بە شەڕەکانی لە دژی چەکدارانی داعش.
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئۆپراسیۆنی سەربازی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات لە دژى هەسەدە ئەنجام دەدەن و ئامانجی هێرشەکە سەربازە ئەمریکییەکان نییە، بەڵکوو هێزە باڵادەستەکانی خۆرهەڵاتی فوراتە.
دواتر وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) نیگەرانیی وڵاتەکەی لەو بڕیارەی تورکیا دەربڕی و ڕایگەیاند: "هێرشی تاکلایەنەی تورکیا بۆ سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا قبووڵکراو نییە".
هاوکات شەوی ڕابردووش فرۆکەکانی تورکیا هێرشیان کردە سەر سنوری مەخموور و شەنگال و بەو هۆیەوە ٤ کەس گیانیان لەدەست دا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment