به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 13ی کانوونی یه‌که‌می 2018 نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ نادیه موراد براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی کۆ بوویه‌وه و له ديدارهكهدا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان دووباره پيرۆزبايى له نادیه موراد کرد بۆ وه‌رگرتنى خه‌ڵاته‌كه و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست.
له‌و دیداره‌دا نێچیرڤان بارزانی هه‌موو پشتگيرييێکى بۆ كار و چالاكييه مرۆيیيهكانى له‌پێناو ئاشته‌وايى و خزمه‌ت كردنى قوربانيیانى ئێزدى و گه‌ياندنى ده‌نگيان به جيهان، هه‌وڵه‌كانى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تيرۆر و بهسزاگهياندنى تيرۆریستانى داعش و ناساندنى كه‌يسى ئێزدييان وه‌ک جينۆسايد له جيهان و پاراستنيان دووپات كرده‌وه.
ناديه موراد کچه کوردی ئێزدیی ڕزگاربووی ده‌ستی داعش و خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی سوپاسى سه‌رۆكوه‌زيرانى كرد و "پوختهيێكى ده‌رباره‌ى به‌سه‌رهات و تراژيدياى خۆى و ئێزدييان خسته‌ڕوو" و تيشكى خسته سه‌ر هه‌وڵه‌كانى له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ى ئارامى و ئاشته‌وايى "بۆ كۆمه‌ڵگه‌ى ئێزدى و ته‌واوى قوربانيیانى ده‌ستى تيرۆر به‌گشتى".
له به‌شێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌دا نادیه موراد باسى له "دۆخى ئێستاى ئێزدييان و ناوچه‌ى شنگال به‌تايبه‌تى كرد" و داواى كرد حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕۆڵى خۆى بگێڕێت له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شنگال و ناوچه‌كانى ديكه‌ى ئيزدييان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئاواره‌كان و ژيان و پاراستنى سه‌قامگيرى له‌و ناوچانه.
هه‌ر له دیداره‌که‌دا ناديه موراد دانهيێک له كتێبه‌كه‌ى به ناوى (دوايين كچ) كه به ئينگليزى بڵاو كراوه‌ته‌وه به ديارى پێشكه‌ش به نێچيرڤان بارزانى كرد.
سه‌رچاوه: ڕووداو
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment