ئه‌مریکا داوای تورکیا له‌باره‌ی کوردی سووریا ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌

به‌شی جیهان- به‌رپرسێکی ئه‌مریکی ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: واشنتۆن داوای تورکیا بۆ دروست نه‌کردنی بنکه‌ی چاودێری له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا له‌گه‌ڵ تورکیا ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ چوونکه‌ ئه‌و ناوه‌ندانه‌ له‌لایه‌ن سوپای ئه‌مریکاوه‌ دروست کراون.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر به‌رپرسانی ئه‌مریکا ڕایان‌گه‌یاند که‌ به‌ مه‌به‌ستی چاودێری‌کردنی سنووری سووریا له‌گه‌ڵ تورکیا و نه‌هێشتنی نیگه‌رانییه‌کانی ئه‌نقه‌ره‌ له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری هه‌ڕه‌شه‌ی هێزی کوردی سووریا بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ ده‌یانه‌وێت له‌ سنووری نێوان تورکیا و سووریا له‌ چه‌ند ناوچه‌یێکدا بنکه‌ی چاودێری دابمه‌زرێنن. به‌رپرسانی باڵای تورکیا له‌وان وه‌زیری به‌رگریی ئه‌و وڵاته‌ داوای له‌ واشنتۆن کرد که‌ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ جێبه‌جێی نه‌کریت چوونکه‌ مه‌به‌ست له‌و به‌رنامه‌یه‌ پاراستنی هێزی کوردی سووریایه‌.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ڕاب مانینگ وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریکا به‌ هه‌واڵده‌ریی فه‌ڕه‌نسای ڕاگه‌یاند که‌ له‌سه‌ر فه‌رمانی جه‌یمس ماتیز وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریکا چه‌ندین بنکه‌ی چاودێریمان له‌ سنووره‌کانی سووریا له‌گه‌ڵ تورکیا و به‌ مه‌به‌ستی نه‌هێشتنی نیگه‌رانییه‌کانی ئه‌ندامی ناتۆمان دروست کردوووه‌.

هه‌واڵده‌ریی فه‌ڕه‌نسا نووسیویه‌تی: ئامانجی ئه‌مریکا له‌ دامه‌زراندنی بنکه‌ی چاودێری له‌ سنووری تورکیا- سووریا پاراستنی هێزی کوردی سووریایه‌ که‌ شه‌ریکی هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تی و قه‌ڵغانی هێرشی ئه‌و وڵاتانه‌ بۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعشن به‌ڵام به‌ بۆچوونی تورکیا تیرۆریستن.

مانینگ ڕاشی‌گه‌یاندوووه‌: ئێمه‌ نیگه‌رانییه‌ ئه‌منییه‌کانی تورکیا به‌ هه‌ند وه‌رده‌گرین و پابه‌ندین به‌ هاوکارییه‌کانمان له‌گه‌ڵ تورکیا له‌پێناو پاراستنی سه‌قامگیری له‌ باکووری سووریا.

شایانی باسه‌ که‌ ڕۆژی ڕابردووش دوو به‌رپرسی باڵای سووریا به‌ ڕۆژنامه‌ی نه‌شناڵی ئیماراتیان ڕاگه‌یاندبوو که‌ سێ بنکه‌ی چاودێری له‌ درێژاییی سنووری سووریا له‌گه‌ڵ تورکیا دروست کراون که‌ له‌ژێر کۆنتڕۆڵی هێزه‌کانی ئه‌مریکان و هێزه‌ کوردییه‌کانیش ئه‌و ناوچه‌یه‌ کۆنتڕۆڵ ده‌که‌ن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50196

Your Comment

You are replying to: .
captcha