به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشه‌ممه 11-12-2018 شاندێكی یه‌كێتیى ئه‌ورووپا به سه‌رۆكایه‌تیى خاتوو كلاریس پاستۆریس نێرده‌ى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا له هه‌ولێر و ئه‌ندامێتیى ئۆگۆستۆ بیكالی سه‌رۆكى هه‌ماهه‌نگیى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا له عێراق و یه‌مه‌ن و گاى هاریسن له به‌شی سیاسه‌تى هه‌رێمایه‌تى له عێراق و دوورگه‌ى عه‌ره‌بی له فه‌رمانگه‌ى خزمه‌تگوزاریى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا سه‌ردانى په‌رله‌مانى كوردستانیان كرد و له‌لایه‌ن ڕێڤنگ محه‌مه‌د هرورى به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندامى خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مانى كوردستان وه‌ک سه‌رۆكی یه‌كه‌مین دانیشتنی خولی پێنجه‌مى په‌رله‌مان و سه‌رۆک و نوێنه‌رى فراكسیۆنه‌كانى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و یه‌كێتیى نیشتیمانیى كوردستان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و پێكهاته‌كانى توركمان و كلدان و سریان و ئاشوور پێشوازییان لێكرا.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له هه‌ماهه‌نگى و هاوكاریى زیاترى نێوان په‌رله‌مان و یه‌كێتیى ئه‌ورووپا به‌تایبه‌تی و پڕۆژه و به‌رنامه‌كانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا له سه‌رجه‌م بواره‌كانى ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌شه‌پێدانى تواناكان و پلان و به‌رنامه‌ى ستراتیژیی یه‌كێتیى ئه‌ورووپا بۆ دوو ساڵى داهاتوو له عێراق و هه‌رێمى كوردستان له بواره‌كانى ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌شه‌پێدانى كه‌رتى ئابوورى و ڕه‌خساندنى هه‌لى كار بۆ لاوان و ژنان و ڕه‌وشی سیاسى و پرۆسه‌ى داڕشتنى یاسا و پێشخستنى دیموكراسی له عێراق و هه‌رێمى كوردستان قسه و باسیان له‌سه‌ر كرا.
له‌وباره‌یه‌وه شاندى میوان به‌بایه‌خه‌وه باسیان له ڕۆل و پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان كرد له شه‌ڕى به‌رنگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و حه‌واندنه‌وه‌ى ئه‌و ژماره زۆره‌ى ئاواره‌كان و لانكه‌ى پێكه‌وه‌ژیانى نێوان پێكهاته‌كان كرد. هه‌روه‌ها ئاماده‌ییی خۆشیان بۆ به‌رده‌وام بوونى هه‌ماهه‌نگى و هاوكارییان بۆ هه‌رێم له ڕووى ئابوورى و ته‌رخان كردنى پڕۆژه‌ى زیاتر بۆ یارمه‌تیدانى ژنان و گه‌نجان و پێداویستیى ئاواره‌كان و گێڕانه‌وه‌یان بۆ شوێنى خۆیان ده‌ربڕی.
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه سه‌رۆک و نوێنه‌رى فراكسیۆن و پێكهاته‌كانى په‌رله‌مان وێڕاى سوپاس كردنى هاوكارییه‌كانى یه‌كێتىی ئه‌ورووپا داواى زیادكردنى پڕۆژه‌كانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپایان له هه‌رێمى كوردستان كرد و گه‌شبینیى خۆیان بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى هه‌رێم و هه‌ماهه‌نگیى نێوان په‌رله‌مان و حكوومه‌ت ده‌ربڕى و ئاماژه‌شیان به گرنگترین پڕۆژه‌یاساكانى به‌رده‌م خولى پێنجه‌م كرد له‌وانه نووسینه‌وه‌ى پڕۆژه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان و كاراكردنى یاساى دامه‌زراندنى سه‌ندوقه نه‌وتییه‌كان و هه‌مواركردنى یاساى هه‌ڵبژاردن و یاساى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم و په‌سه‌ندكردنى یاساى چاكسازى و ده‌یان پڕۆژه‌ى‌تر كه له خولى پێشووى په‌رله‌ماندا كاریان له‌سه‌ر كراوه.
له به‌شێکى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا ئاماده‌ییی خۆیان بۆ كردنه‌وه‌ى خولى ڕاهینان و گه‌شه‌پێدانى تواناكان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى خولى نوێى په‌رله‌مان نیشان دا و جه‌ختیشیان له‌سه‌ر كاركردنى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرده‌وه له هه‌ر دوو بوارى چاودێریى داراییی گشتى و چاكسازى له بوارى وزه‌دا به‌تایبه‌تى له‌بوارى كه‌رتى كاره‌بادا.
هه‌روه‌ک خۆشحالێى خۆیان به باش بوونى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌ربڕى و ئاماژه‌یان به‌وه كرد كه له جێبه‌جێ كردنى پڕۆژه‌كانی داهاتوویان له عێراقدا ڕه‌چاوى بارى تایبه‌تیى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن و هیواشیان خواست هه‌رچی زوووه لایه‌نه سیاسییه‌كانى هه‌رێم له‌سه‌ر پێكهێنانی سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانى‌تر ڕێكبكه‌ون و پرۆسه‌ى دیموكراسی و پێكه‌وه كاركردن و خزمه‌ت كردن ده‌ست پێبكاته‌وه.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment