به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 10ی کانوونی یه‌که‌می 2018 نادیه موراد كچه كوردی ئێزدی و ڕزگاربووی ده‌ستی داعش له کۆنگره‌یێکی ڕۆژنامه‌وانیدا له نه‌رویژ ڕایگه‌یاند: دوای چوار ساڵ ھێشتا ئه‌و که‌سانه‌ی که تاوانبارن به كوشتن و ڕفاندنی كچان و ژنانی ئێزدی دادگایی نه‌كراون.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: هه‌ر کاتێک تاوانبارانی جینۆساید به سزای خۆیان نه‌گه‌یه‌ندرێن دوای ماوه‌یێكی دیکه به ناوێكی دیکه‌وه سه‌ر ھه‌ڵده‌ده‌نه‌وه.
نادیه موراد كچه كوردی ئێزدی له ته‌مه‌نی 21 ساڵیدا و (له ئابی ساڵی 2014) له‌لایه‌ن گرووپی تیرۆریستیی داعشه‌وه ڕفێنرا و بۆ ماوه‌ی سێ مانگ وه‌كوو كۆیله ده‌ستدرێژی كرایه سه‌ر هه‌تا ئه‌وكاته‌ی توانی هه‌ڵبێت، چیرۆكی تراژیدی نادیه موراد له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌نگی دایه‌وه و بوووه نموونه‌یێكی به‌رجه‌سته‌كراوی ئه‌و تاوانانه‌ی داعش له عێراق به‌گشتی و له شه‌نگال به‌تایبه‌تی دژ به ئێزدییه‌كان ئه‌نجامی ده‌دا.
نادیه له‌و كاته‌وه بوووه‌ته چالاكوانێكی مافه‌كانی مرۆڤ و نه‌هامه‌تی ئێزدییه‌كانی خسته به‌رده‌م سه‌رنجی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و له مانگی ئه‌یلوولی 2016 ده‌ستنیشان كرا وه‌كوو باڵیۆزی نیازپاكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوووه‌كان بۆ شكۆی ڕزگاربووانی قاچاخچێتی به مرۆڤه‌وه و كاندیدی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵ بوو بۆ ئاشتی و له ساڵی 2018دا به ھاوبه‌شی له‌گه‌ڵ دینس مۆكویگی پزیشكی كۆنگۆیی بوونه خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی.
هه‌روه‌ها نادیه موراد وه‌ک یه‌كێک له 100 كاریگه‌رترین كه‌سایه‌تییه‌كانی ساڵی 2016 له‌لایه‌ن گۆڤاری تایمی ئه‌مه‌ریكییه‌وه ده‌ستنیشان كرا.
نادیه موراد كاری بۆ نووسینی یادداشته‌كانی كردوووه له‌ژێر ناونیشانی "كۆتا كچ، چیرۆكی من له دیلگرتن و شه‌ڕی من له دژی ڕێكخراوی داعش."
سه‌رچاوه: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment