سعوودیه‌ تۆمه‌تبارانی کوشتنی خاشقچی ڕاده‌ستی تورکیا ناکاته‌وه‌

به‌شی تورکیا- وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ تۆمه‌تبارانی کوشتنی خاشقچی ڕۆژنامه‌نووسی سعوودی ڕاده‌ستی تورکیا ناکه‌نه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عادل جوبه‌یر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی هاریکاریی وڵاتانی عه‌ره‌بی ڕای‌گه‌یاند: وڵاته‌که‌ی هیچ کات هاووڵاتییه‌کانی خۆی ڕاده‌ستی تورکیا ناکات وه‌ک ئاماژه‌یێک به‌ داواکاریی دادگای گشتیی ئه‌سته‌نبۆڵ سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستگیرکردنی دوو به‌رپرسی پێشوی سعوودیه‌.

جوبه‌یر گوتیشی: ئێمه‌ هاووڵاتییانی خۆمان ڕاده‌ستی وڵاتێک ناکه‌ین که‌ هیچ زانیارییێکی یاسایی له‌سه‌ر تاوانه‌که‌ و تۆمه‌تباران نییه‌ و ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسا و ڕێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه‌.

وته‌کانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه‌ له‌ کاتێکدایه‌ پێشتر دادگای ئه‌سته‌نبۆڵ داوای ڕاده‌ست کردنی تۆمه‌تبارانی کوشتنی جه‌مال خاشقچی له‌ کۆنسووڵخانه‌ی سعوودیه‌ له‌ ئه‌سته‌نبۆڵی کردبوو و دواتر هه‌ر یه‌که‌ له‌ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا و مه‌ولوود چاووشئۆغڵۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ داوایان له‌ سعوودیه‌ کرد ئه‌و (17) که‌سه‌ی تۆمه‌تبارن به‌ کوشتنی خاشقچی ڕاده‌ستی وڵاته‌که‌یان بکرێت.

شایانی باسه‌؛ جه‌مال خاشقچی ڕۆژنامه‌نوسی سعوودیه‌ له‌ تشرینی یه‌که‌می ئه‌مساڵ له‌ کۆنسووڵخانه‌ی سعوودیه‌ له‌ شاری ئه‌سته‌نبۆڵ له‌ تورکیا کوژرا و ته‌رمه‌که‌ی تا ئێستا نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش کاردانه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی به‌ دوای خۆیدا هێنا و بوووه‌ هۆی ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌نقه‌ره‌ و ڕیاز.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی جمهوورییه‌ت

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50148

Your Comment

You are replying to: .
captcha