مەسعوود بارزانی هەوڵی ئاسایی­کردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا دەدات

بەشی جیهان- دوکتور محەمەد وائیلی بە ئاژانسی کوردپرێسی وتووە مەسعوود بارزانی بە مەبەستی چەسپاندنی دەستکەوتی حیزبی لە حکوومەتی ناوەند وئاسایی­کردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا یەک ساڵ پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی سەردانی بەغدای کردووە.

کوردپرێس:

مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان پاش بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان و لێکەوتە زیانبارەکانی لە پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێم کشایەوە. یەک ساڵ پاش ڕیفراندۆم لە هەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراودا سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان و بەرپرسانی حکوومیی بەغدا دیدار و کۆبوونەوەی هەبوو.

ژمارەیێک لە چاودێرانی سیاسی بڕوایان وایە ئامانجی بارزانی لەو سەردانەی بەغدا ئەوە بوو پێوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا ئاسایی بکاتەوە کە پاش ڕیفراندۆم و لێکەوتەکانی و سزاکانی بەغدا بۆ سەر هەرێم تووشی بەستەڵەک بووبوو.

دوکتور محەمەد وائیلی گفتوگۆیێکی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس کردووە کۆمەڵێک خاڵی گرینگ لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی بارزانی دەخاتە ڕوو. بە بڕوای وائیلی بارزانی لەو سەردانەیدا بەنیاز بوو لاپەڕەیێکی نوێ لە پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا هەڵبداتەوە و دەستکەوتەکانی خۆی لە بەغدا جێگیر بکات بەتایبەتی لە حکوومەتی نوێی بەغدادا جێگەی پێی خۆی بکاتەوە.

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ دوکتور محەمەد وائیلی لێرەوە بخوێنەوە:

کوردپرس: ئامانجی سەردانەکەی مەسعوود بارزانی بۆ بەغدا پاش پێکهاتنی حکوومەتی نوێی عێراق چی بوو؟

محەمەد وائیلی: سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا چەند هۆکاری هەبوو. یەکەم ئەوەی بارزانی بەنیاز بوو پەڕەیێکی نوێ لە پێوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا هەڵبداتەوە. بارزانی دەیەوێت پێوەندییەکان بگەڕێتەوە بۆ هێڵەکەی جاران. مەسعوود بارزانی لە کاتی ڕیفراندۆمدا کارتەکانی بەغدای بە بێ­هێز زانی بەڵام خێرا ئەوەی بۆ دەرکەوت کە بەغدا بەهێزتر لەوەیە کە ئەو تێگەشتبوو. هەر بۆیەش زۆرینەی چاودێرانی سیاسی لەو قەناعەتەدان کە بارزانی لە سەر مێزی گفتوگۆکاندا داوای پشکی 17 لە سەدی بودجەی هەرێمی کوردستانی کردووە. هەروەهاش داوای وەزارەتی دادی بۆ پارتی کردووە و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووکیش یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی بارزانی لە بەغدا بووە. بارزانی گەیشتە ئەو بڕوایەی لانی کەم بەشێک لەو داواکارییانە بۆ جێبەجێ­کردن دەشێن. زۆرینەی چاودێرانی سیاسی دەڵێن پێگەی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بەهێز نییە و بارزانی بەڵێنی بە عەبدولمەهدی داوە کە ئەگەر پێوەندییەکان بگەڕێتەوە بۆ هێڵەکەی جاران ئامادەیە پشتگیریی حکوومەتەکەی بکات. بارزانی هێما و نیشانەی هیوابەخشی بینیوە. هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێگای بۆریی هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێکردەوە و بڕیارە خاڵە گومرگییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر هەڵبگیرێن کە دەوڵەتی پێشوو بەبۆنەی لەدەستدانی باجی گومرگیی دەروازەکانی ژێردەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دایمەزراندبوون.

کوردپرێس: مەسعوود بارزانی ساڵی 2017 دەیەویست لە بەغدا جیا ببێتەوە، ئێستا بەم سەردانە بۆ بەغدا داوای چی لە دەوڵەتی ناوەند دەکات؟

محەمەد وائیلی: ڕیفراندۆم قومارێکی گەرەی سیاسی و ئابووری بوو کە باجی قورسی لە سەر بارزانی دروست کرد. هۆکاری ئەو بابەتە خوێندنەوە و حیساباتی هەڵە بوو کە دەستکەوت و پێشکەوتنەکانی کورد عێراقی فەوتاند کە لە 2003وە تا ساڵی پار دەستیان خستبوو. دوو خوێندنەوەی هەڵەی بارزانی ئەمانە بوون: یەکەم ئەوەی بارزانی بڕیاری دا لە سەر شانی خۆی و بە بەرپرسایەتیی خۆی ڕێچکەی ڕیفراندۆم بگرێتە بەر و ئەگەرچی دیکەی حیزبە کوردییەکان قەناعەتیان بەو ڕێبازە نەهێنا بەڵام ناچاری کردن شوێنی بکەون. بارزانی لە نێوان دوو بژاردەدا یەکیانی هەڵبژارد. بژاردەکانیش ئەمانە بوون: هێنانەوە و گەشەپێکردنی سەرمایە زیان­لێکەوتووەکەی خۆی و دابڕان لە بەغدا و دەسەڵاتی هەرێمی و جیهانی. بەڵام ڕیسەکەی هەموو کەمپێن و لۆبیگەرییەکانی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوو بوو بە خوری. هەموو جیهان کەوتنە یەک بەرە دژی بارزانی وەستانەوە و بارزانی بە تەنیا مایەوە.

دووهەم ئەوە بارزانی پێی وابوو تاسەی کورد لە سەربەخۆیی دەشکێت و ئەوەش وا دەکات واز لە خۆشبژێوی و خزمەتگوزارییەکان بهێنن و هەر کە داوای سەربەخۆیی بکەن واز لە شێوازی دەسەڵات کردن و کەرتی بەڕێوەربەرایەتی و حکومڕانی دەهێنن. هەر بۆیەش ئەگەرچی بارزانی بۆ ماوەی چەند حەفتەیێک شەپۆلێکی خۆشەویستیی لە نێو جەماوەری کوردستاندا بۆ خۆی فەراهەم کرد و لە دڵی خەڵکی هەرێمدا جێگای خۆی کردەوە بەڵام پاشتر کە کەرکووک و کۆمەڵێک ئیمتیازی دیکەی دۆڕاند پێگەی جەماوەری و خۆشەویستییەکەیشی وەکوو جاران نەما.

لەدەستدانی کەرکووک سەلماندی کە هەرێمی کوردستان چەندە بێ­دەسەڵات و لاوازە و ئێستا ئامادەییی ئەوەی تێدا نییە سەربەخۆیی وەربگرێت. خۆپیشاندانی ناڕەزایی پاش ڕیفراندۆم سەلماندی کە کورد و بەتایبەتی هەرێمی کوردستانی عێراقگیرۆدەی چ قەیرانێکی سیاسی و ئابوورین. هەمان ئەو پارتەی لە هەرێمی کوردستان حکومڕانیی دەکرد و دەسەڵاتی دەگێڕا توانای ئەوەی نەبوو مووچەی فەرمانبەرەکانی خەرج بکات.

لە مەسەلەی سەرۆکایەتیی کۆماریشدا سەرکەوتنی بەرهەم ساڵح بە سەر کاندیدەکەی پارتیدا جگە لەوەی یەکێتیی گەڕاندەوە بۆ ساحەی سیاسیی عێراق، سەلماندیشی کە پارتی تا چەند دەسەڵاتی لە بەغدا کەم بۆتەوە و کارتێکەریی لە حکوومەتی ناوەند نەماوە. سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا بۆ جێگیرکردنی ئەو سەرکەوتنە بوو کە لە بەغدا مسۆگەری کردبوو. پارتەکەی بارزانی سێ وەزارەتی بە دەست هێنابوو کە یەکیان جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بوو. ئەو هەوڵەی بارزانی دەلالەتە لە سەر ئەوەی ئەگەر پارتەکەی لە بەغدا کز بێت ئەوا لە هەرێمی کوردستانیش کەم هێز دەبێت.

چەند کەسایەتیی گەورە و گرینگ لە بەغدا پێشوازییان لە بارزانی کرد کە بەرچاوترینیان هادی عامری و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بوون. ئەوە قورساییی بارزانی دەسەلمێنێت؟

محەمەد وائیلی: بارزانی پێوەندی و دەسەڵاتی زۆری لە بەغدا لە دەست داوە. بەو حاڵەشەوە ئەگەر عەقڵییەتی سیاسیی خۆی بەباشی بەکار بهێنێت و لانی کەم بە ئاشکرا باسی سەربەخۆیی و جیابوونەوە نەکات زۆر کارتی دیکەی بەدەستەوە ماوە کە بەکاریان بهێنێت و قورساییی خۆی زیاد بکات. بارزانی ئێستاش یەکێکە لە بلۆکە سیاسییە هەرەگرینگەکانی عێراق. پارتی دیموکراتی کوردستان گەورەترین پارتی پەرلەمانی عێراقە و پۆست و پێگەی باشی لە حکوومەتی نوێی عێراقدا بەدسەت هێناوە و گفتوگۆ بۆ ئیمتیازی زیاتریش دەکات. بارزانی سەرۆکایەتیی گەورەترین بلۆکی سیاسیی پەرلەمانی کوردستانیش دەکات و سامان و داراییی شەخسی و بنەماڵەییی فراوانی پێیە.

ئەو ڕێزەی هادی عامری و محەمەد حەلبووسی لە فڕۆکەخانە لە بارزانییان نا بۆ ئەوەی دڵی بارزانی بهێننە جێ. هاوپەیمانیی بینا حەز دەکات لە بەرانبەر هاوپەیمانییە بەهێزەکەی دیکەدا بارزانیی لە پشت بێت. هاوپەیمانیی چاکسازییش ڕێزی لێنا و هەوڵی دا لاپەڕەیێکی نوێی لەگەڵ هەڵبداتەوە. بەتایبەتی بینیمان کە لەگەڵ سەدر و عەبادییش دیداری کرد. بارزانی چاوپێکەوتنی لەگەڵ هەموو لایەنەکان بوو و داوای لێکردن و ئەگەر داواکارییەکانی جێبەجێ بکەن پشتگیریی ئەو لایەنانە دەکات.

کوردپرێس: ئەو سەردان و چاوپێکەوتنە ئەنجامی چی دەبێت؟

محەممەد وائیلی: بێ­گومان ئەمانجی بارزانی لەو دیدارانە لە بەغدا ئەوە بوو بڵێت وەرزێکی نوێی پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا دەستی پێکردووە بەڵام ئێستا وردەکارییەکان دەرنەکەوتوون و دیار نییە چی ڕوو دەدات و پێشهاتەکان پێویستیان بە تێپەڕبوونی کاتە. بەڵام ئەوەی دەردەکەوێت ئەوەیە کە ئەگەر دەوڵەتی ناوەند لاواز بێت بارزانی قازانجی زۆر دەکات و دەتوانێت سوود لەو لاوازییە وەربگرێت.

لە لایێکی دیکەشەوە ئەو جووڵە سیاسییەی بارزانی بە هەموو خەڵکی کوردی سەلماند کە هێچ کێشەیێکی ئەو خەڵکە تەنها بە دانووستاندن لەگەڵ بەغدا نەبێت بە هیچ ئەجیندایێکی دیکە چارەسەر ناکرێت. خەڵکی بینییان هەمان ئەو پیاوەی ساڵی پار هەوڵی سەربەخۆبوون و جیابوونەوە لە عێراقی دەدا و شەڕی هێزی عێراقیی دەکرد، ئێستا لەگەڵ هەمان قیادەی عێراقی دادەنیشێت و چاوپێکەوتنی هەیە. بۆیە جەماوەری کوردستان گەشتوون بەو قەناعەتەی هەموو شت بەستراوە بە سیاسەت و بەرژەوەندیی شەخسییەوە. هەر بۆیەش خەڵکی کوردستان لە داهاتوودا ئینتیما بە بابەتی مەترسیدار وەکوو سەربەخۆیی و ئەو بابەتانە ناکەن. ئەگەر شکستێک هاتۆتە گۆڕی ئەوا بەناوی بارزانییەکانەوە تۆمار کراوە. ئەو مەسەلەیە تەنانەت لە نێو جمهوور و لایەنگرانی پارتییشدا دەبینرێت.

دیمانە: بەشی جیهانی ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

News Code 50137

Your Comment

You are replying to: .
captcha