تورکیا بازاڕی مێژووییی قه‌یسه‌ری كه‌ركووک نۆژه‌ن ده‌کاته‌وه‌

به‌شی تورکیا- بازاڕی قه‌یسه‌ری له‌ شاری که‌رکووک كه‌ 26ی تشرینی دووه‌م سووتا و له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی ئاژانسی هه‌ماهه‌نگی و هاریكاریی توركی (تیكا)ه‌وه‌ نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه‌، ده‌ست كرا به‌ كاره‌كانی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی پاشماوه‌ و داروپه‌ردووی ڕووخاو و پاككردنه‌وه‌ی.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، جونه‌یت ئه‌سمه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری لقی به‌غدای تیكا به‌ ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕاگه‌یاند: "له‌ژێر ڕۆشناییی فه‌رمانی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان كه‌ به‌ تیكای كردوووه‌، له‌ چوارچێوه‌ی كاره‌كانی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بازاڕی مێژووییی قه‌یسه‌ری، له‌ به‌رواری 7ی كانوونی یه‌كه‌مدا ده‌ستمان كرد به‌ كاره‌كانی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی پاشماوه‌كان".

ئه‌سمه‌ر باسی له‌وه‌ كرد كه تیمێکی 30 که‌سی به‌ هاوڕێتیی کارناسان‌ پاش هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی پاشماوه‌كان ده‌ست به‌ كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و بازاڕه‌ی مێژوویییه‌ی که‌رکووک ده‌که‌ن.

فاتح یێڵماز باڵوێزی تورکیا له‌ عێراق ڕای‌گه‌یاند: به‌ دوای هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی پاشماوه‌ و داروپه‌ردووی ڕووخاو و پاککردنه‌وه‌ی بازاڕه‌که‌ به‌ گشتی 4 هه‌زار و 800 مه‌تری چوارگۆشی بازاڕی قه‌یسه‌ری که‌رکووک نۆژه‌ن ده‌کرێته‌وه‌.

ئه‌رشه‌د ساڵحی سه‌رۆکی به‌ره‌ی توركمانی عێراق له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ئاماژه‌ی به‌ ده‌ستپێکردنی نۆژه‌ن‌کردنه‌وه‌ی ئه‌و بازاڕه‌ کردۆته‌وه‌ و سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراسته‌ی تورکیا کردوووه‌ به‌ بۆنه‌ی جێبه‌جێ‌کردنی به‌ڵێنه‌کانی و نۆژه‌ن‌کردنه‌وه‌ی ئه‌و بازاڕه‌ مێژووییه‌.

بازاڕی مێژووییی قه‌یسه‌ری كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ندی شاری كه‌ركووک و له‌ سه‌رده‌می عوسمانییه‌كاندا دروست كراوه‌، له‌ 26ی تشرینی دووه‌مدا به ‌هۆكارێک كه‌ هێشتا دیار نییه‌ ئاگری گرت و به‌و هۆیه‌وه‌ شوێنكارێكی زۆری تێدا سووتا.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی هابر 7

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50114

Your Comment

You are replying to: .
captcha