دووهه‌مین کۆنفڕانسی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریزم له‌ تاران ده‌ستی پێکرد

به‌شی ئێران/ کوردی- دووهه‌مین کۆنفڕانسی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریزم به‌ به‌شداریی سه‌رۆکانی په‌رله‌مانی 6 وڵات له‌ تارانی پایته‌ختی ئێران ده‌ستی پێکرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 17ی سه‌رماوه‌زی 1397/ 8ی کانوونی یه‌که‌می 2018 دووهه‌مین کۆنفڕانسی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریزم به‌ به‌شداریی سه‌رۆکانی په‌رله‌مانی شه‌ش وڵاتی تورکیا، ئه‌فغانستان، ئێران، پاکستان، چین و ڕووسیا له‌ تارانی پایته‌ختی ئێران کاره‌کانی ده‌ست پێکرد.

کۆنفڕانسه‌که‌ به‌ به‌شداریی حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رکۆماری ئێران له‌ ژێر ناونیشانی "گرفته‌کانی تیرۆریزم و په‌یوه‌ندییه‌کانی ناوچه‌یی" له‌ هۆتێل ئازادی شاری ده‌ستی پێکرد.

سه‌رۆک کۆماری ئێران ڕایگه‌یاند: ئێران گه‌وره‌ترین قوربانیی تیرۆریزمه‌ به‌ڵام ڕووداوه‌ تیرۆریستییه‌کان کێشه‌ی نه‌خستوووه‌ته‌ به‌رده‌م وره‌ و ئیراده‌ی ده‌وڵه‌ت و گه‌لی ئێران.

ناوبراو گوتیشی: "کاتێک ئه‌مه‌ریکا ته‌نگ به‌ چین ھه‌ڵده‌چنێت ده‌زانێت که‌ چه‌ندین وڵات زیان ده‌که‌ن له‌ ڕووی ئابووری و بازرگانییه‌وه‌، کاتێکیش ھه‌ڕه‌شه‌ له‌ تورکیا ده‌کات و ئێران سزا ده‌دات ده‌زانێت که‌ ھه‌موو وڵاتانی ناوچه‌که‌ زیان ده‌که‌ن".

ڕۆحانی ڕاشیگه‌یاند: "کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه‌ تا ئێستا وه‌ک گه‌وره‌ترین قوربانیی تیرۆریزم زیانی گیانی و ماڵیی قورسی به‌رکه‌وتوووه‌".

سه‌رکۆماری ئێران ڕوونیشی کرده‌وه‌: "هه‌نگاوه‌ تیرۆریستییه‌کانی وه‌ک دانانی بۆمب له‌ ساڵی 1981 و شه‌هیدبوونی زیاتر له‌ 17 هه‌زار که‌س له‌ خه‌ڵکی ئاسایی له‌ 40 ساڵی ڕابردوودا به‌ ده‌ستی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کان که‌ ئێستا له‌ لایه‌ن حکوومه‌ته‌ ڕۆژئاوایییه‌کان له‌ ئه‌ورووپا و ئه‌مه‌ریکا به‌رگرییان لێده‌کرێت به‌شێکن له‌ زیانه‌کان".

ناوبراو به‌ خستنه‌ڕووی 8 ڕێکار بۆ هاتنه‌دی ناوچه‌یێکی ئارام و به‌هێزتر له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ "تاران بۆ به‌شداریکردن له‌ بنیادنانه‌وه‌ی ئه‌م ناوچه‌ به‌هێزه‌ ئاماده‌یه‌".

حه‌سه‌ن ڕۆحانى گوتیشی: ئه‌و سزایانه‌ى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوووه‌كانى ئه‌مریكا به ‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاندوویه‌تى تیرۆرى ئابوورییه ‌و داواش ده‌كات تیرۆر له ‌ناوچه‌كه‌دا سه‌ركوت بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ڕێگه‌ له ‌دیارده‌ى كۆچكردن و جێهێشتنى ناوچه‌كه‌ بگیرێت.

ڕۆحانى جه‌ختی کرده‌وه‌: "ئێران به‌هۆى ئه‌وه‌ى ڕووبه‌ڕووى تیرۆر بۆته‌وه‌ بۆیه‌ باجى زۆرى داوه‌ به‌ڵام به ‌توندى به‌ره‌نگاری تیرۆر و توندوتیژى وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ و وه‌ک به‌ربه‌ستێكى مه‌زن وایه‌ به ‌ڕووى ئه‌و كه‌سانه‌ى بازرگانى به‌ توندوتیژییه‌وه‌ ده‌كه‌ن".

ناوبراو ئاشکرای کرد: "ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م هێرشێكى گه‌وره‌داین كه‌ ناسنامه ‌و په‌یوه‌ندییه‌ قووڵه‌كانمانى كردۆته‌ ئامانج".

ڕۆحانی داواش ده‌كات تیرۆر له‌ ناوچه‌كه‌دا سه‌ركوت بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى دیارده‌ى كۆچكردن بوه‌ستێنرێت و ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌ سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ستله‌ناوده‌ست له ‌به‌رده‌م دوژمنى هاوبه‌شى ناوچه‌كه‌دا بوه‌ستن و به‌ سه‌ریدا سه‌ر بكه‌ون.

سه‌رکۆماری ئێران سه‌باره‌ت به ‌سزا ئابوورییه‌كانى ئه‌مریكاش بۆ سه‌ر ئێران به‌تایبه‌تى كه‌رتى نه‌وت ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا: ئه‌وه‌ى ڕوو ده‌دات تیرۆرى ئابوورییه‌ دژى ئێران و له‌مڕۆدا جیهان به‌ به‌ره‌نگارییه‌كانى وه‌ک تیرۆر و توندوتیژى و تاكڕه‌وى بیروڕادا تێده‌په‌ڕێت.

یه‌که‌م پانێلی گفتوگۆکان له‌لایه‌ن ئه‌سه‌د قه‌یسه‌ر سه‌رۆکی په‌رله‌مانی پاکستانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی کرا و بڕیاره‌ پانێلی داهاتوو له‌لایه‌ن عه‌لی لاریجانی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئێرانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ببردرێت.

له‌ کۆنفڕانسه‌که‌دا بینالی یێڵدرم سه‌رۆکی په‌رله‌مانی تورکیا گوته‌یێک پێشکه‌ش به‌ به‌شداربوووان ده‌کات.

ده‌گوترێ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزم، ئه‌زموونه‌کانی ڕابردوو، ڕێکاره‌کانی ئێستا و دیاری کردنی ڕێکاری نوێ و کاریگه‌ر، په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کان و به‌هێزکردن هاوکارییه‌کانی ناوچه‌یی و دابین کردنی ئاشتی و ئاسایش و گه‌شه‌پێدانی سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌که‌دا ته‌وه‌ره‌ گرنگه‌کانی جێی باس و گفتوگۆی سه‌رۆکانی په‌رله‌مانی ئه‌و شه‌ش وڵاته‌ ده‌بن که‌ له‌ کۆنفڕانسه‌که‌دا به‌شدار بوون.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50093

Your Comment

You are replying to: .
captcha