کوردپرێس:
مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژی 22ی تشرینی دووهەمی 2018 سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ گەورە و سەرکردە و پیاوماقووڵانی حیزب و حکوومەت لە بەغدا دیدار و کۆبوونەوەی کرد و بەو جووڵە سیاسییەی خۆی کۆتاییی بە هەموو قسە و دەنگۆ و هەڕەشەکان هێنا کە پاش بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی 25ی ئەیلوولی 2017 هاتبوونە ئاراوە.
بارزانی ماوەیێکی کورت پاش ئەوەی لە بەغدا گەڕایەوە بە فەرمی ڕایگەیاند کە عادل عەبدولمەهدی لە کورد نزیکترە و لێکتێگەیشتنیان زیاترە لەوەی لە سەردەمی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق هەبوو.
ئێستا هێزی فیدراڵی عێراقی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لە کەرکووک ناوچەی جێناکۆک کردووە و دەروازە سنوورییەکانیش گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و لە بودجەی 2019دا پشکی هەرێمی کوردستان لە ڕێژەی سەدا 17 بۆ سەدا 12 دابەزی. مەسعوود بارزانی پاش سەردانەکەی بۆ بەغدا، گەیشتە نەجەف و لەگەڵ موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر و سەرۆکی هاوپەیمانیی سایروون دیداری کرد و پێ دەچێت ئەو دیدارانە پەیامی ئەوەی پێ بێت کە بارزانی پاش ئەو گۆڕانکارییانە سیاسەتی نوێی لەو بارەیەوە گرتۆتە بەر.
موحسین سەعدوون ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئەلمۆنیتۆری وتووە بارزانی لە سەردانەکەیدا کۆمەڵێک کێشەی هەڵپەسێردراوی لەگەڵ عەبدولمەهدی و دیکەی سەرکردە و لایەنە عێراقییەکان باس کرد بەڵام گرینگترین هۆکار بۆ سەردانەکەی بارزانی ئەوە بوو حەزی دەکرد دەوری حزیبە سیاسییەکان لە دانووستانی نێوان لایەنە سەرەکییەکانی عێراق کارا بکاتەوە. دیدارەکەشی لەگەڵ موقتەدا سەدر هەر بە هەمان مەبەستی کۆتایی­هێنان بە دۆخی چەقبەستووی عیلاقاتی نێوان لایەنە سەرەکییەکان بوو.
ناوبراو دەشڵێت: پارتی لە ڕێگای دیدارەکانی مەسعوود بارزانییەوە بەنیاز بوو داوا لە بەغدا بکات ئایدیای شەراکەت لە دەسەڵات ببووژێنێتەوە ئەوەش بە بەشداری­کردن لە حکوومەت و ڕۆڵگێڕانی فراوانتر.
ڕاستە کە بارزانی بەنیاز بوو لە سەردانەکەی خۆی بۆ بەغدا کۆتایی بە ناکۆکییەکانی لەگەڵ لایەنی شیعە بهێنێت. بەڵام سەردانەکە هاوکات بوو لەگەڵ سەردانی بەرهەم ساڵح سەرکۆماری عێراق کە لە ئیتاڵیا بوو و ئەوەش بێ مانا نەبوو بەڵکوو پێوەندیی بە ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی هەیە کە پاش هەڵبژێردرانی سەرۆککۆماری عێراق تەشەنەی سەند.
پارتی دژ بە کاندیدکرانی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆککۆماری بوو و بڕوای وابوو کە کاندیدکرانی ناوبراو دژی ڕۆحی پێکەوەبوون و شەراکەتی دوو حیزبە سەرەکییەکەی کوردستان لە دەسەڵاتە.
غیاس سوورچی ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی لەو باریەوە بە تەلەڤزیۆنی ئیتیجاهی وتووە بارزانی بە مەبەستی فراوان کردنی دەسەڵاتی پارتی سەردانی بەغدای کردووە و نەبوونی بەرهەم ساڵح و سەردانەکەی ناوبراو بۆ ئیتاڵیا لەلایەن پارتییەوە بەهرەی لێ گیرا.
ناوبراو بڕوای وایە کە بارزانی مەسڵەحەتی خەڵکی کوردی ناوێت بۆیە لە نەبوونی بەرهەم ساڵحدا سەردانی بەغدای کرد و ئەو کارە نەشیاوە کرد. بەڵام یەکێتی لە هیچ پیلانێکی دژی خۆی باکی نییە لەبەر ئەوەی تەنها کار بۆ دەستکەوت و ئیستحقاقی خۆی دەکات.
ڕێککەوتن لە سەر دوبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا تاکە بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدایە. پێش ئەو ڕێککەوتنەش نەوتی کەرکووک لە ڕێگای سلێمانییەوە بە تەنکەر دەگوازرایەوە بۆ ئێران و پارێزگای سلێمانییش لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیدایە. یەکێتی بە توندی دژی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ تورکیا بوو لەبەر ئەوەی بە ڕای ئەندامانی یەکێتی، پارتی بەنیاز بوو سەرجەم جومگە دارایییەکانی هەرێم کوناڕۆڵ بکات و حەز بە دابەش­کردنی عادیلانەی داهاتەکان ناکات.
ئەگەرچی بارزانی لە بەغدا و نەجەف پێشوازیی باشی لێکرا بەڵام بەوەشەوە داواکارییەکانی بارزانی بەو ئاسانییە ئەنجام نابن. ناوبراو داوای کردووە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق لە 14 لە سەد بۆ 17 لە سەد زیاد بکرێتەوە و حەشدی شەعبی لە ناوچەی جێناکۆک و بەتایبەت لە کەرکووک بکشێتەوە و پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە. بەڵام زۆرینەی کوتلەکانی پەرلەمانی عێراق سەر بە حەشدی شەعبین کە دژی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان بوون و هێزەکانیان ئێستاش لە ناوچەی جێناکۆکن.
حەنین قەدۆ ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانیی "البناء" بە ئەلمۆنیتۆری وتووە: ئەو داواکارییەی بۆ چوونەدەرەوەی هێزی عێراقی هاتۆتە ئاراوە دژی دەستووری عێراقییە کە لە مادەی 121ی دەستووردا نووسراوە سوپای عێراق مافی ئەوەی هەیە بە ئازادانە جووڵەی لە هەموو ناوچەکانی عێراق هەبێت بەڵام جووڵەی سەربازیی هێزی پێشمەرگە تەنها لە خاکی هەرێمی کوردستان ڕێگەپێدراوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment