به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دانا عه‌بدولكه‌ریم به‌رپرسى به‌شى حکوومه‌ت له ژوورى حکوومه‌ت و په‌رله‌مانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕایگه‌یاند: "بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان بڕیارى چوونه نێو حكوومه‌ت یاخود بوونه ئۆپۆزسیۆنى په‌رله‌مانى له كۆتاییى گفتۆگۆكانى پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێ و له زارى جڤاتى نیشتمانى ڕاده‌گه‌یه‌نێت."
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: ئێستا گۆڕان به‌پێى به‌ركه‌وته‌ى هه‌ڵبژاردن پشكى خۆى له حكوومه‌ت ده‌زانێت و ده‌شیانه‌وێت بزانن لایه‌نى به‌رامبه‌ر چ پێشنیارێک بۆ بزووتنه‌وه‌که ده‌كات.
به‌رپرسه‌كه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان سه‌باره‌ت به داواكاریی بزووتنه‌وه‌كه بۆ پۆسته حكوومییه‌كان له كابینه‌ى نۆیه‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌ڵێت: "ناكرێت پێش گفتوگۆكان داواكارییه‌كان ئاشكرا بكه‌ین به‌ڵكوو له كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ شاندى پێكهێنه‌رى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكوومه‌ت گفتوگۆى ده‌كه‌ین و بڕیارێک ده‌ده‌ین كه ڕاى ته‌واوى بزووتنه‌وه‌كه‌ى تێدا بێت."
دانا عه‌بدولكه‌ریم ڕاشیگه‌یاند: "له ناو گۆڕاندا دوو ڕا هه‌یه بۆ به‌شداری كردن و نه‌كردنى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، هه‌ر دوو ڕاكهش خاڵى سلبى و ئیجابى تێدایه و گرنگه بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان سه‌رجه‌م هه‌ڵسه‌نگاندن و ڕاى ئۆرگانه‌كانى بۆ چوونه حكوومه‌ت به هه‌ند وه‌ربگرێت."
سه‌رچاوه: خه‌ندان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment