بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەبارەت بە بەشداری کورد لە دانووستاندنەکانی قەیرانی سووریا و نووسینەوەی دەستوور، ئەلیکساندەر لاڤرین تیێڤ، سەرۆکی شاندی رووسیا لە گفتوگۆکانی ئاستانە گوتی "بەدڵناییەوە ئێمە دەمانەوێ هەموو لایەنەکان بەشداربن لەو پرۆسەیە و نوێنەریان لە لیژنەی دەستووری و پرۆسەی سیاسی وڵاتەکە هەبێت. بە دڵنیاییەوە کورد کە 9% بۆ 10% دانیشتووانی سووریا پێکدەهێنن، مافی خۆیانە لە دانووستاندنەکان نوێنەریان هەبێت".
ئەلیکساندەر لاڤرین تیێڤ راشیگەیاند: "وەک ئاگادارن کوردانی بەشی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا (ئەو ناوچانەی کە ئەمریکا حوکمیان تێدا دەکات) هیچ بەشدارییان نییە لە لیژنەی دەستووری. ئێمە ناتوانین بڵێین کورد بەشدار نین لەو پرۆسەیە، بەڵام بەشی باکووری رۆژهەڵات (پەیەدە) بەشدار نین، ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێک؛ یەکێک لەوانە نیگەرانییەکانی تورکیایە. ئێمە بەردەوام دەبین لە بەشداری پێکردنی کورد لە پرۆسەکەدا".
ماوەی دوو رۆژە گفتوگۆی لایەنەکانی سووریا بە حکوومەت و ئۆپۆزیسیۆنەوە لە ئاستانەی پایتەختی کازاخستان بەردەوامە. رووسیا، تورکیا و ئێران دەستپێشخەر و گەرەنتیکاری گفتوگۆکانن و شاندی هەر سێ وڵاتیش بەشداری دانووستاندنەکان دەکەن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment