کوردپرێس:
ئیبراهیم برۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریایە و گفتوگۆیێکی تایبەتی لەگەڵ هەواڵنێری کوردپرێس کردووە و لەو دیمانەیەدا تیشکی خستۆتە سەر عیلاقاتی نێوان پەیەدە و ئەمریکا و دەڵێت: پێوەندی و عیلاقاتی نێوان ئەمریکا و ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا وەکوو جاران نەماوە.
ناوبراو دەشڵێت: ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا پێشتر پێوەندیی باشی لەگەڵ هەموو ئەو دەسەڵاتانە بوو کە سووریا بوون بەڵام ئێستا ماوەی یەک ساڵە کە عیلاقاتی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی سووریا و ڕووسیا و ئەمریکا و ئێران وەکوو جاران گەرموگوڕ نییە و پاش شکستی داعش دومنی زۆر چ دژ بە خۆبەڕێوەبەری و چ دژ بە کوردیش سەریان هەڵدا.
سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردەکانی سووریا گوتیشی: ئەمڕۆکە پێوەندیی نێوان ڕووسیا و تورکیا و ئێران و دەوڵەتی ئەسەد و ئوپۆزسیۆنیش لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا باش نییە و دژیەتییان دەکەن و پێوەندیی ئێمەش وەکوو ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا لەگەڵیان بە قۆناغێکی خراپدا تێدەپەڕێت.
ئیبراهیم برۆ زیادی کرد: ئێستا ئەمریکا لە چییەتی و بوونی پەیەدە ڕازی نییە و گوشاری زۆری خستۆتە سەریان و مەرجیان بۆ دادەنێت و دەڵێت دەبێت پێوەندییان لەگەڵ پەکەکە بچڕێنن و ناوی خۆیان بگۆڕن و پێوەندی و عیلاقاتیان لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا و لایەنی موعارەزە هەبێت.
ناوبراو ئاشکراشی کرد: ئەمڕۆکە ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا بە قۆناغێکی ناسک و خراپدا تێدەپەڕێت بەڵام بەوەشەوە کاتێک بەیان و ڕاگەیێندراو دەردەکەن دەڵێن پەیەدە و پەکەکە یەکن و پێکەوە شەڕی داعش دەکەن بۆیە ئەوەش دەبێتە بیانوو و دارەدەست بۆ تورکیا و بەو سیاسەتەی خۆیان خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی تورکیا دەکەن و ئەوەش باجی قورسی بۆ ئەمریکا دەبێت.
ئیبراهیم برۆ جەختی کردەوە کە پەیەدە و پەکەکە یەکن و ئەمریکا یارمەتیی پەیەدە دەدات و دەڵێت سەربەخۆیە و پێوەندیی بە پەکەکەوە نییە بەڵام بۆ خیان دەیانەوێت بە هەموو عالەمی ڕابگەیێنن کە شۆناسی پەیەدە بەشێکە لە پەکەکە.
سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا تیشکی خستە سەر ئەو چالاکییانەی ئەنجومەنی نیشتمانی لە سووریا کردوویەتی و بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: ئێمە بەردەوام لە سووریا بوونمان بووە و هەرگیز لە کوردستانی سووریا دەرنەچووین چ ئەو کاتەی دەوڵەتی ناوەند گوشاری خستە سەرمان و چ ئەو کاتەی پەیەدە لە ناوچە کوردنشینەکان دەسەڵاتی گێڕاوە.
ناوبراو گوتیشی: ئێمە بەردەوام لە سووریا بوونمان هەبووە بەڵام پەیەدە زۆر ئەندامی ئێمەی دەستبەسەر کردووە و لە سووریا دەریکردووین بەو حاڵەشەوە ئێمە پێوەندیمان لەگەڵ جەماوەری نێوخۆی سووریا بەهێزە و ڕۆژلەدوای ڕۆژ باشتریش دەبێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردەکانی سووریا لە بارەی ئایندەی ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا بە کوردپرێسی وتووە پەکەکە و پەیەدە ئەجیندا و نەخشەڕێگای خۆیان لە جێگایێکی دیکەوە وەردەگرن هەر بۆیەش پاش کۆتاییهاتنی شەڕ دەبێت سووریا چۆڵ بکەن.
Your Comment