دوو هه‌زار و 400 بریندارى چه‌كى كیمیایى هەڵەبجە ده‌نێردرێنه‌ ئێران

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستیى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ڵێت: "پشکنین بۆ دوو هه‌زار و 400 بریندارى چه‌كى كیمیایى ده‌كرێت و سه‌رجه‌میان بۆ وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ر ڕه‌وانه‌ى وڵاتـى ئێران ده‌كرێن".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆنگرەیێکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەڵەبجە بەڕێوە چوو سنوور حامید جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستیى هه‌ڵه‌بجه‌ وتیشى "پاش ئه‌وه‌ى دۆسییه‌كانیان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان ئاڕاسته‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى كراوه‌، ئێستا لیژنه‌یێک له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌ هاوكارىی ده‌زگاى ژیان پشكنین بۆ به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى ده‌كه‌ن".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌شڵێت له‌ ئه‌مڕۆوه‌ كاره‌كانى لیژنه‌كه‌ ده‌ستپێكردووه‌ و سه‌رجه‌م برینداران كه‌ دۆسیەیان هه‌یه‌ وه‌ک بریندارى چه‌كى كیمیایى ده‌نێردرێنه‌ وڵاتى ئێران، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى پێویستى زۆریان به‌ نه‌شته‌رگه‌ى هه‌یه‌ وه‌ک نه‌خۆشییه‌كانى چاو و هه‌ناسه‌دان.

سنوور حامید زیادی کرد له‌ قۆناغى یه‌كه‌مدا نزیک به‌ 60 كه‌س كه‌ دانیشتووى هه‌ڵه‌بجه‌ و دۆڵى بالیسانن پشكنینان بۆ كراوه‌، پاشتر له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانى دیكه‌ به‌ركه‌وته‌ى چه‌كى كیمیایی قۆناغ به‌ قۆناغ ڕه‌وانه‌ى ئێران ده‌كرێن.

سەرچاوە: خەندان

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 49824

Your Comment

You are replying to: .
captcha